بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
راگەیانراوی کۆبوونەوەی ئەنجومنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
ئەمرۆ یەک شەممە 13/5/2018 ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کورستان بە سەرۆکایەتی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامە نافەرمیەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سازکرد..
سەرەتا کۆبوونەوە سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم کادر و ئەندامان و دۆستان و لایەنەگران و ئۆرگانەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و جەماوەری ئیسلامخواز و ئیصلاحخواز و دەنگدەرانی لیستی 175 و کاندیدەبەرێزەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەگشتی کرد بۆ بەشداری کارا و گەرموگوڕ و بێ درێغیان لە کەمپین و بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و لیستی 175ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.
بەداخەوە دەرەئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە و هەوڵ و ماندووبوونەکانی جەماوەر بەپێ ی پیلانێکی بەرنامە بۆ دارێژراو ڕووبەرووی کودەتایەکی ئەلیکترۆنی و تەزویرکردنی دەنگەکان بە گشتی و دەنگەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەتایبەتی بۆتەوە، بەمەستی ڕێگرتن لە گۆرانکاری دیموکراتیانە و ئیصلاحخوازانه و درێژەدان بە سیاسەتە نادروست و شکستخواردووەکانی لایەنە دەسەڵاتدارەکان و بێ ئومێدکردنی جەماوەری گەلەکەمان لە پرۆسەی گۆرانکاری و چاکسازی ڕاستەقینە لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی خاوێن و دیموکراتیانەوە.
ئێمە لەیەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هەموولایەک دڵنیادەکەینەوە کە سەرجەم دەرەئەنجامەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم و پارێزگای کەرکووک بە گشتی ڕەتدەکەینەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەکە و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەکەین لەنزیکترین کاتدا.
له و میانەدا داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی پەیوەندیدار به و پرۆسەیە دەکەین کە فشارەکانی خۆیان بخەنە سەر کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و بێ دەنگ نەبن لەئاست ئەم ساختەکاری و گزیکاریەی بەرامبەر بە ئیرادەی جەماوەر و پرۆسەی دیموکراسی کراوە.
جارێکی تر ئەندام و لایەنگر و دۆستانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و دەنگدەرانی لیستی 175 دڵنیا دەکەینەوە کە دەنگدان و پشتیوانی کردنی ئەوان بۆ لیستی 175 لەراستیدا پرۆسەیەکی سەرکەوتوو و براوەیە و ئێمە هەموو هەوڵێکی سیاسی و یاسایی و مەدەنی دەگرینە بەر لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکانی تر بۆ پوچەڵکردنەوەی گزیکاریەکە و ئاشکراکردنی ژمارەی ڕاستەقینەی دەنگەکان و ڕیسواکردنی گەندەڵکاران و گزیکاران بەحەقی گەل و نیشتمان.
سەرکەوتن بۆ جەماوەری لیستی 175 لیستی ئیسلامخوازان و ئیصلاحخوازان ڕوو ڕەشی و ڕیسوا بوون بۆ پیلانگێران و گەندەڵکاران..
ئەنجومەنی جێبەجێکردن یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
#13-05-2018#