ناوی: محەمەد جەواد ە ناسراو بە: سیاهپۆش، شاعیرێکی کوردە لە ساڵی 1790 لە ژیاندا بووە، بۆیە وا دەخەملێنرێت کە لە سەدەی 18 و 19ی زایینیدا ژیاوە. خاوەنی داستانەشیعری #سەیفولملوک# ە، ئەم شاعیرە ناوی چەند شاعیرێکی کوردی پێش هێناوە، لەوانە (بابا تاهیر) ، (عەلی حەریری) ، (مەلای جزیری) ، (موکسی) (بە هەڵە کراوە بە -مەککی-) و (خانی) .
یەکەم شاعیری کوردە کە ناوی بابا تاهیری هێنابێت. جگە لەم شاعیرە، چەند شاعیرێک لە بنەماڵەی سیاهپۆش کە گوندەکەشیان هەر بە هەمان ناوە و دەکەوێتە سەر ڕێگەی (ئەلیشتەر) و (خوڕەماوە) ، هەمان نازناویان هەیە. وەکوو (مەلا حەقعەلی سیاهپووش) و (مەلا عەوەزعەلی سیاهپووش) ی برای.
لە شاعیرانی ناوداری کلاسیکە. خەڵکی شاری ورمێ بووە. ئەم شاعیر جگە لە داستانە شیعری (سیفولملوک) ، نزیک 23 شیعری لێ ماوەتەوە کە لە باکووری کوردستان چاپ و بڵاوکراوەتەوە. بە پێی ئاماژەی مێژوویی لە سەیفولملوک، ساڵی 1790ز هێشتا لە ژیاندا بووە. بۆیە ئەم شاعیرە لە ڕیزی شاعیرانی سەدەی 18ز هەژمارکراوە. سیاهپۆش لە دوای شاعیرانی خاوەن کەڵامی یارسان یەکەم شاعیری کوردە کە هاوشان بە چەند شاعیرێکی دیکە ناوی (بابا تاهیر) ی هێناوە:
دل عەبیر و مەست و میرێ
دا ل من دەربەک ب تیرێ
کرمە حوببا زەمهەریرێ
کانێ مەلایێ جزیرێ
کا خانی شێخی بەشەرێ
(بابا تاهیر) و عەلیێ حەریرێ
ئەوەی جێگای باس بێت، سیاهپۆش لە شیعرێکی دیکەی کە هەر بەم شێوازەی نووسیوە، جارێکی دیکە یادی دوو شاعیر دەکاتە، بەڵام من پێموایە ساغکەرەوەی دەستنووسی شیعرەکە، لە ناوی یەکێکیاندا هەڵەی کردووە:
بەگلەر و شاﮪ و وەزیرێ
تا ل مرنێڤە من برێ
سینە کر ئارمانج ل تیرێ
(مەککی) و (عەلیێ حەریرێ)
بێن ل دەنگێ من فەقیرێ
شەڤ ل من کابووسی بوو
بەبۆچوونی من (مەککی: مکی) بە هەڵە لێکدراوەتەوە، لە بنەڕەتدا (مکسی) بووە، بەڵام بەهۆی خێرانووسینەوە زۆرجار ددانەکانی پیتی (س) نانووسرێت و هێڵێکی ڕاست دەکێشرێت. ڕەنگە لە دەستنووسەکەدا ئەو هێڵە ڕاستە کوورت دەرچووبێت و وەکوو (مکی) کەوتبێتە بەرچاو. (مکسی: موکسی) نازناوێکی دیکەی فەقێ تەیرانە و فەقێ خەڵکی موکس-ی سەر بە پارێزگای وان بووە.
من تاکوو ئێستا ناوی هیچ شاعیرێکم بەرچاوانەکەوتووە بە ناوی (مەککی) ، هەروەها نابێت سیاهپۆش لە یادی شاعیرانی وەکوو مەلای جزیری و عەلی حەریری و ئەحمەدی خانیدا بازی بە سەر یاد و ناوی فەقێ تەیراندا دابێت. خانی ناوی سێ شاعیری پێش خۆی واتە: جزیری و حەریری و فەقێ تەیران هێناوە، سیاهپۆشیش لە دوای خانیی هاتووە و ناوی خانی خستووەتە لیستەوە. [1]