نرخی مریشکی زیندوو لە شاری #سلێمانی# ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرز دەبێتەوە. ئێستا یەک کیلۆ مریشک بە سێ هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا لە پێنج مانگی ڕابردوو، کەمتر بوو لەنیوەی ئەو پارەیە.
حەیدەر عەبدوڵڵا، فرۆشیاری مریشک لە شاری سلێمانی دەڵێ چوار ڕۆژە نرخی مریشک گرانبووە، دووکاندارەکان بە مایەکاریش دەرناچن. ڕۆژانە 100 هەزار دینار زەرەر دەکەین، جگە لە پێدانی پارەی شاگرد و کرێی دووکان''.
حەمەلاو کەریم، کڕیارە و دەڵێ ''کاتێک نرخی مریشک بۆ دووهێندە بەرز دەبێتەوە، کاریگەری لەسەر کڕیار دەبێ، چونکە کڕیار تەماشای گیرفانی خۆی دەکات. بێگومان کاریگەری هەیە، خەڵک هەیە ئێستا ناتوانێ بەو نرخە مریشک بکڕێت.
لە چەند مانگی ڕابردوودا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، ناچاربوون بەرهەمەکانیان بخەنە سەر ڕێگای شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەهۆی دابەزینی نرخی مریشک و، کار گەیشتە ئەوەی لە سێ مانگی ڕابردوودا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی 34 ملیار دینار زیانیان بەرکەوێت، 30%ی خاوەن کێڵگەکانیش جوجکی نوێیان دانەنا.
نازم عەبدوڵڵا، خاوەن کێڵگەی پەلەوەری لە سلێمانی دەڵێ من خاوەنی سێ کێڵگەی پەلەوەریم، لە ماوەی سێ مانگدا 125 ملیۆن دینار زەرەرم کردووە. ئەو زیانەی من هۆکاری هەیە، ئەمە بە تەنیا من نیم زەرەرم کردووە، خەڵکێکی زۆریش هاوشێوەی من زەرەریان کردووە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تەنێک ئالیک 100 دۆلار گران بووە و، نرخی هەر جوجکێک 40 سەنت بەرز بووەتەوە''.
کۆمەڵەی کوردستان بۆ بەخێوکردنی پەلەوەر هۆکاری ناجێگیری نرخی مریشک بۆ نەبوونی چاودێری دەگەڕێنێتەوە، کە نرخێکی جێگیر بۆ فرۆشتنی مریشک، ئالیک و جوجک دابنێن، تاوەکو هاوسەنگیێک بۆ خاوەن کێڵگەکان و کڕیاران دروست ببێت.
بەهاددین عەبدوڵڵا: ئەندامی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی دەڵێ پێشتر خاوەن کێڵگەکان کیلۆی مریشکیان بە 1600 تاوەکو 2200 دینار دەفرۆشت، بۆ هەر کیلۆیەک خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان 500 دینار زەرەریان کردووە. تەنانەت تا ئەو کاتەی بە 2000 هەزار دیناریش دەیانفرۆشت بە زیانی فرۆشیارەکان دەشکایەوە، ئەمە وای کردووە کەرتەکە لە پاشەکشەدا بێت، ئەوەی ئێستا کە مریشک کەم بووەتەوە هۆکارەکەی ئەوەیە جوجک تێناکەنەوە، چونکە خاوەن کێڵگەکان جارێک، دوو جار دەتوانن بەرگەی زەرەری گەورە بگرن، بۆیە ناتوانن هەر لە زەرەردا بن''.[1]
#16-05-2018#