بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان بووژاوەتەوە و کۆمپانیا کارکەرەکانیش لەو کەرتە، دەستیانکردووەتەوە بە بەدەستهێنانی قازانج.
لە ناوەڕاستی 2014 دا، بەهۆی زۆریی ئەو نەوتەی خرابووە بازاڕەوە، نرخی نەوت لە 100 دۆلارەوە بۆ 60 دۆلار دابەزی. قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت بە درێژایی ساڵی 2015 بەردەوام بوو و وای لێهات لە مانگی شوباتی 2016، نرخی نەوتی برێنت دابەزێت بۆ 26 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و نەوتی کوردستان لەو کاتەدا بە 17 دۆلار فرۆشرا.
دابەزینی ئێجگار زۆری نرخی نەوت لە 2016دا حکومەتی هەرێمی کوردستانی تووشی شۆکێکی گەورەی دارایی کرد و ناچاری کرد قەرزێکی زۆر لە کڕیارانی نەوتی خۆی بکات و، پێدانی حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییە کارکەرەکان لە هەرێمی کوردستان دوابخات.
دواکەوتنی حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان دەستبەجێ کاری کردە سەر چالاکییەکانیان، بە جۆرێک زۆربەیان کارەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکان ڕاگرت، ئەمەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان نەک زیاد نەکات، بەڵکو ناجێگیر بێت و کەمیش بکات.
لە سەرەتای 2018 و بەهۆی بە ئەنجامگەیشتنی هەوڵە جددییەکانی سعودیە و ڕووسیا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک، بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕ و بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، دواجار بازاڕی نەوت گەڕموگوڕی تێکەوتەوە و نرخی نەوتیش گەڕایەوە بۆ سەرووی 60 دۆلار.
رێکخراوی ئۆپێک ڕایگەیاندووە: ئامانجی سەرەکیی ئەوان کەمکردنەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی جیهانە بۆ تێکڕای 5 ساڵی ڕابردوو، کە بەپێی چاودێران و ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجەدا سەرکەوتوو بووە. لە مانگی چواردا بۆ یەکەمجار نرخی نەوتی ئۆپێک توانی بگاتەوە سەرووی 70 دۆلار، کە بەرزترین ئاستی خۆی بوو لە سێ ساڵی ڕابردوودا.
هەفتەی ڕابردوو بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کشانەوەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران نیگەرانی لای وەبەرهێنەران دروستکرد و، نرخی نەوتی برێنتی بەرزکردەوە بۆ سەرووی 77 دۆلار. ئەمانە هەموو بوونە هۆکار کە شرۆڤەکارانی نەوت پێشبینییەکانی خۆیان بۆ نرخی نەوت لەمساڵدا بەرز بکەنەوە.
هەندێ لە شرۆڤەکاران دەڵێن نرخی نەوتی برێنت تاوەکو 90 دۆلاریش بەرزدەبێتەوە. ئەمەش کاریگەریی باشی لەسەر کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
ساڵی 2018 ساڵی بووژانەوەی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکانە لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
هەریەکە لە کۆمپانیا نەوتییەکانی دی ئێن ئۆ، گەنەڵ ئینێرجی، گۆڵف کیستۆن و تاقەی ئیماراتی، ڕاپۆرتی دارایی چارەگی یەکەمی ئەمساڵی خۆیان بڵاوکردووەتەوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، ئەو کۆمپانیا نەوتییانە دوای چەندین ساڵ لە زیانکردن، گەڕاونەتەوە سەر ڕێچکەی قازانج. هەندێ لەو کۆمپانیایانە ڕایانگەیاندووە ئەو پارەیەی وەک حەقدەست وەریدەگرن، لە کێڵگە نەوتییەکانی خەرج دەکەن و دەست بە وەبەرهێنانەکانیان دەکەنەوە.
ئەمەش نەک تەنیا لە ماوەی چەند ساڵێکدا دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەبێتە هۆکاری بووژانەوەی کاری بازرگانی و ڕەخساندنی هەلی کاری زۆریش لە هەرێمی کوردستان.[1]
#16-05-2018#