(س.ف) کاتێک بە پەیوەندی نێوان ژنەکەی و دراوسێیەکی خۆیان دەزانێت، ماڵەکەی باردەکات بۆ گەڕەکێکی دیکەی شاری هەولێر، بەڵام ئەمە کۆتایی بە پەیوەندییەکەیان نەهێنا و لە نیوە شەوێکدا بەدەستی هەمان دۆستی ژنەکەی، بە پێنج گوللە کوژرا.
(ح.ع) کە 12 ساڵ بوو ژنی (س.ف) بوو، نکۆڵی لە پەیوەندی خۆی و دراوسێکەیان دەکات، (ح) چیرۆکی خۆی بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی: لەسەر داوای باوکم شووم بەو پیاوە کرد کە 14 ساڵ لە خۆم گەورەتر بوو، تەنیا دوو ساڵمان بەبێ کێشە بەڕێ کرد، مێردەکەم نیوەشەوان بەسەرخۆشی دەگەڕایەوە و لێیدەدام، چەندینجار تۆرام، بەڵام بە تکا و پاڕانەوە دەیانبردمەوە. مێردەکەم دوو هەفتە لە ماڵەوە و هەفتەیەک لە دەوام بوو.
(ح) دەڵێت کە ئەو جارێکیان لە ماڵی خەزووری برای هاوژینەکەی ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتە سەری، ئەو دەڵێت: شەوێک لەگەڵ منداڵەکەم نوستبووم، یەکێک لە براکانی هاوژینەکەم ویستی دەستدرێژیم بکاتە سەر، بە زۆر خۆم لە چنگی ڕزگار کرد، خەزوورم پێیزانی و بەسەرهاتەکەم بۆ ماڵی باوکیشم گێڕایەوە، بەڵام کەسیان بڕوایان پێنەکردم و دەیانگوت تۆ منداڵت هەیە و لە خۆتی تێکمەدە.
بەگوتەی (ح) هاوژینەکەی جگە لە لێدان و سووکایەتی پێی، ناپاکیشی لەگەڵ کردووە، ئەو گوتی: ڕۆژێک ڕۆیشتم بۆ سەردانی ماڵی خزمێکمان، شەو گەڕامەوە ماڵەوە، بینیم (س) لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا کچێکی عەرەبیان هێنابووە ماڵەوە، ئەمە بوو بە سەرەتای نەمانی هەست و سۆزی من بۆ هاوژینەکەم، ئەوکاتە سێ کوڕ و کچێکم هەبوو.
(ح) بەردەوام بوو لە باسکردنی ژیانی خۆی و باسی چۆنیەتی ناسینی (س. ح)ی کرد و گوتی: پێشتر دراوسێ بووین، دواتر ئێمە ماڵمان گواستەوە بۆ گەڕەکێکی دیکەی شاری هەولێر، من دوور لە ماڵی خۆمان ئارایشگایەکم دانا، (س.ح)یش تاکسی پێبوو هاتوچۆی پێدەکردم، ئەو شێت و شەیدای من بووبوو، بەڵام من وەکو هاوڕێیەک سەیرم دەکرد.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هاوژینەکەی و (س.ح)، ئەو ژنە گوتی: پێشتر پەیوەندی هاوژینەکەم و (س.ح) باش بوو، چەند جارێک هاوژینەکەم قەرزی لێوەرگرت، بەڵام دوای ئەوەی زانی ئەو پیاوە چاوی لەسەر منە، نەیهێشت چیتر هاتوچۆم پێبکات و پەیوەندییان نەما.
(ح) باسی ڕۆژێک پێش ڕووداوی کوشتنی مێردەکەی دەکات و دەڵێت: ڕۆژی شەشی ئەم مانگە چوومە لای پزیشک تا ددانم هەڵبکێشم، بەڵام درەنگ کەوتم، بۆیە پەیوەندیم بە (س.ح) کرد تا خوشکەکەم بهێنێت بۆ لام و لەکاتی ڕۆیشتنەوە بەتەنیا نەبم و لەگەڵ ئەودا بمانباتەوە، هەر ئەوەندە ئەوم بینی و ئاگاداری هیچی دیکە نیم.
سەبارەت بەشەوی ڕووداوەکەش (ح) گوتی: مێردەکەم ماوەی ساڵێک بوو لەگەڵم نەدەخەوت، درەنگانی شەو دەهاتەوە ماڵەوە، ئەو شەوە نەچووە دەرەوە و پێیگوتم منداڵەکان بخەوێنە و وەرە لای من بخەوە، منیش گوتم باشە، بەڵام لەکاتی خەواندنی منداڵەکان، خۆشم خەوم لێکەوت، کاژێر نزیکی 12ی شەو بوو لەناکاو دەنگی تەقە هات، ڕامکرد بینیم هاوژینەکەم خەڵتانی خوێن بووە. کەسێک ڕایکردە دەرەوە، بەڵام نازانم کێ بوو، بۆیە من بێتاوانم و ئاگاداری هیچ نیم.
(س.ح)ی تەمەن 33 ساڵان کە خێزاندارە و باوکی پێنج منداڵە، چیرۆکەکەی بەپێچەوانەی (ح) گێڕایەوە و بە (رووداو)ی گوت: ماوەی 4 ساڵە لەگەڵ (ح) پەیوەندیمان هەیە، چەند جارێکیش پارەی پێداوم، منیش چەند جارێک بە قەرز پارەم بە هاوژینەکەی داوە.
(س.ح) هەروەها گوتی: من هاتوچۆم بە (ح) دەکرد. خۆشمویست، بەڵام مێردەکەی هەڕەشەی لێکردم. ڕۆژێک پێش ڕووداوەکە لە نۆڕینگە (ح)م بینی، پێمگوت سبەی شەو دەرگا دامەخە، نزیکی کاژێر 12ی شەو دێمە ماڵتان، ئەویش ڕازی بوو، ئەو شەوە کە چوومە ژوورەوە (ح) لەگەڵ منداڵەکانی لە هۆڵەکە ڕاکشابوو، تاکە نەعلێکم تێگرت تا ئاگادار بێت لە هاتنم و ڕاستەوخۆ بەرەو ژووری (س)ی مێردی ڕۆیشتم، پێنج گوللەم لێدا و خێرا هەڵهاتم.
ئێستا (س.ح) دەڵێت پەشیمانم و بۆ گەیشتن بە (ح) هاوژینەکەیم نەکوشتووە مەبەستم لە کوشتنی (س) نزیکبوونەوە لە ژنەکەی نەبوو، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو جنێوی پێدام.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەی ئەو کەیسە بە (رووداو)ی گوت: هەردوای ڕووداوەکە، پۆلیس گەیشتە شوێنەکە، توانیمان لە ماوەی کەمتر لە 20 کاژێردا تۆمەتباری سەرەکی و دوو کەسی دیکەش کە هاوکاری بوون، دەستگیر بکەین، دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتباری سەرەکی گوتی کە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بە پێنج گوللە کوشتوویەتی.[1]
#20-05-2018#