دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی #هەڵەبجە# ڕایدەگەیەنێت، باری تەندروستی ژمارەیەکی زۆر لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە لە دۆخێکی ناجێگیردایە، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەش دەڵێت بتڵێک ئۆکسجین بە 15 هەزار دینار دەکڕن و ئێستا توانای دابینکردنی ئۆکسجینیشیان نەماوە.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند زیاتر لە 900 کەس وەکو بەرکەوتووی چەکی کمیایی ناویان تۆمارکراوە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە هیچ یەکێک له و بەرکەوتووانەی چەکی کیمیایی نەبراونەتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی چارەسەر، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری خێزانەکان بەهۆی ناجێگری باری تەندروستییانەوە لەسەر حسابی خۆیان دەڕۆنە دەرەوە.
وتیشی لە ئێستادا زیاتر لە 25 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە لە بارودۆخێکی تەندروستی زۆر ناجێگیردان و دەبێت بە بەردەوامی ئۆکسجین بەکاربهێنن، بە جۆرێک بتڵێک ئۆکسجین بە 15 هەزار دینار دەکڕن و بەشی تەنیا 72 کاتژمێریان دەکات، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ دروستکردوون و توانای دابینکردنی ئۆکسجینیشیان نەماوە، بۆیە ئەگەر لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەجدی نەیەنەسەر هێل بۆ ئەم بابەتە، هەڵوێستی توندمان دەبێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشدا، لە هەفتەی داهاتووەوە دەستدەکەن بە سەردانیکردنی وەزارەتە پەیوەندیارەکان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ گرفتی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، چونکە باری تەندروستییان لە دۆخێکی زۆر ناجێگیردایە و خێزانەکانیان چاوەڕێی مەرگی کەسەکانیان دەکەن لە هەر ساتێکدا بێت، دەشڵێت ئەمەش لای ئێمە قبوڵکراو نییه و دەبێت حکومەت بەهانامانەوە بێت.
تائێستا 90 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی هەڵەبجە بەهۆی ناجێگریی باری تەندروستییانەوە گیانیان لەدەستداوە.[1]
#20-05-2018#