راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی #پارتی دیموکراتی کوردستان#:
جەماوەری خۆراگری کوردستان
ئەندام و لایەنگران و کادیرانی دڵسۆزی پارتی..
ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی، بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆبۆوە و سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق و قۆناغی دوای ڕاگەیاندنی لیستە سەرکەوتوەکان بە فەرمی، گفتوگۆی هەمە لایەنەی ئەنجامدا و، هەر وەکو پێشبینیمان دەکرد جارێکی دیکەش پارتیمان متمانەی خەڵکی کوردستانی بەدەست هێنا بە بەدەست هێنانی (25) کورسی لەم هەڵبژاردنەدا، هەروەها ئەم دەنگ هێنانە متمانەیەکیشە بە کاندیدەکانمان کە دڵسۆزانە بەرگری لە ماف و ئازادیەکانی کوردستانیان دەکەن وەک بەشێک لە فراکسیۆنە فرە ڕەنگ و هەرە بە تواناکان دەبن لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا.
سەرەرای پارچە پارچە بوونی دەنگی کوردستانیان لە لیستی جیاجیادا، هەر چەندە ئێمە باوەرمان وا بوو هەوڵیشمان بۆدا کە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین بۆ ئەم پرۆسەیە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بەڵام ئێستاش ئه و متمانه و ئه و دەرئەنجامە دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتی و ئەرکی گرانی نەتەوەیی و نیشتمانی لە چوار ساڵی داهاتوودا. هەروەها ئه و دەنگە زۆر و متمانە پێ بەخشینەی خەڵکی کوردستان، تەواوی ئه و پێشبینیانەی هەندێ کەس و لایەن کە خواستیان دژایەتیکردنی پارتی و شکاندنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بوو، تەواو پێچەوانە کردەوە و لە گۆڕ نا.
ئێمە باوەرمان وایە خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە پشتیوانی پارتی بوون، چونکە پێیان وایە ئه و حزبە دەتوانێ بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی کوردستان بکات و بە باشترین شێوە دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی و پێکهینانی حکومەتی ئایندەی عێراقدا بکات لەسەر پرنسیپی شەراکەت و تەوافق و تەوازن، مێژووش بەڵگه و شاهێدی ئەوەیە کە پارتی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە قۆناغە جیاجیاکاندا لە پێشخستنی دەستکەوتەکان و بەردەوام بووە لە بەدی هێنانی دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستان و ئێستاش دڵنیایی دەدەین کە لە ئاست ئه و متمانەیە دەبین کە خەڵکی کوردستان پێی بەخشیوین.
شایانی باسە جگە لە لایەن و لیستە کوردستانییەکان ژمارەیەکی زۆر لە لیستەکانی حزب و لایەنە عێراقیەکان لە هەرێمدا بەشدار بوون بەڵام دیارە کە نەیانتوانی هیچ کورسیەک بەدەست بهێنن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە خەڵکی کوردستان باوەریان بە بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکان بە مافی چارەی خۆنوسینی کوردستانیشەوە هەیە. باوەرمان وایە بەیەک دەنگی و یەک هەڵوێستی لایەنە کوردستانیەکان وێرای هێزەکانی دیکەی عێراقی کە باوەریان بە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان هەیە دەتوانین بە باشترین شێوە مافە دەستوریەکانمان بپارێزین. بۆ ئەم مەبەستەش دەست دەکەین بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان، کە هیوادارین بتوانین مینبەرێکی هاوبەش له و ڕووەوە پێک بهێنین.
هەروەها لەگەل حزب و لایەنەکانی عێراقیش دەست بە گفتوگۆ دەکەین بۆ چارەسەری هەموو گرفتەکان، بە پێکەوە کارکردن و بە هاوبەشی بە دڵنیایەوە دەتوانین دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستان و هەموو عێراقییەکان بەدەست بهێنین و بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوونەوە بریاری دا شاندێکی باڵا ڕەوانەی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی پێکهێنانی حکومەتی ئایندەی عێراق لەسەر ئه و پرنسیپانەی لەسەرەوە باسمان لێوە کردون.
کۆبوونەوە هەڵوەستەی جدی کرد لەسەر چۆنیەتی بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بە هەموو قۆناغەکانیەوە و لەسەر هەندێ خاڵ و بابەتی نەرێنی ڕاوەستا، بە تایبەتی گوشار خستنەسەر هەردوو بەرێوەبەری ئۆفیسەکانی کۆمسیۆن لە هەولێر و دهۆک لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە بەغدا و، هەندێ لە کۆمیسارانیش بێ لایەن نەبوون لە کارکردنیاندا بەڵکو تەواو وەکو نوێنەری لایەنی سیاسیان ڕەفتاریان دەکرد و دژایەتی پارتیمانیان دەکرد و هەوڵیان دەدا دەنگی پارتی کەم بکەنەوە لە کاتێکدا کە پارتیمان نوێنەری نەبوو لە کۆمسیۆنی باڵادا، لە لایەکی دیکەشەوە هەژمارنەکردنی بە ئەنقەستی ژمارەیەکی بەرچاوی سندوقەکانی کەمپەکانی ئاوارەکانی شنگال لە سنوری پارێزگای دهۆک، کە بەشی هەرە زۆریان خوشک و برایانی کوردی ئێزدی بوون کە لە ئەنفالی داعش ڕزگار ببون و کاندیدەکانیان بێ بەش کردن لە دەنگی دەنگدەرانیان، کە ئەمەش جۆرێکە لە ئەنفالی دەنگی ئێزدیەکان. ئەمانە و هەوڵەکانی دیکەش بە چری له و پێناوە دەدران کە پارتی لە ئاستی پارێزگای نەینەوا نەبێتە لیستی ژمارە یەکەم هەرچەندە لە ڕاستیدا لیستی یەکەمە و، باشیش دەزانن کە پارتی بەرگری کاری سەرسەختانەی مافەکانی کوردانی ئێزدی بە تایبەتی و گەلی کوردستانە بە گشتی.
بۆ ڕەوینەوەی زۆری گومانەکان و لادانی هەندێک لە کۆمسیاران لە کاری پیشەیی خۆیان، بەپێویستی دەزانین کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق پێداچوونەیەکی جدی ئەنجام بدات و ڕێگا لە فەوتانی ئه و ژمارە زۆرەی دەنگەکان بگرێت و پابەندی سوێند خواردنەکەیان بن، هەرچەندە دەریشکەوت کە کۆمسیۆن لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە و نەی توانیوە چارەسەری ئه و تەزویرە زۆرەبکات کە ڕویداوە، تەنانەت شپرزەیی بەشێوازی ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی کۆتایشەوە دیاربوو.
لە کۆتاییدا دووبارە پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و عێراق و تەواوی کاندیدەکانی دەرچوو و دەرنەچوو دەکەین لەم پرۆسەیەدا.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
#20-05-2018#