لیستی #نەوەی نوێ# ڕایدەگەیەنێت، لەکۆی 640 هەزار دەنگی ساختەکراو، 344 هەزاری دەنگی نەوەی نوێ بووە، کە دەکاتە %54ی کۆی دەنگە تەزویر کراوەکان لە هەرێمی کوردستان.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لیستی نەوەی نوێ، کە ڕێککەوتنێکە لەنێوان هەریەکە لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بەرەی دیموکراسیی گەل، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لەسەر ساختەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەگای سەرەکیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.
لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، تارا حسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، قسەیکرد و وتی: لەچوارچێوەی لیستی نەوەی نوێ-دا، توانیمان بە ڕۆحێکی هاوبەش بانگەشە بکەین و دەنگ و پەیامی خۆمان بگەیەنین بە گەل، گەلیش متمانەی خۆیان دا بە کۆمەڵە هێزێکی نوێ لەچوارچێوەی لیستی نەوەی نوێدا.
وتیشی: چەندین بەڵگەمان لایە کە لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکارییەکی زۆر کراوە، بەتایبەت لە دهۆک و کەرکووک، بەڵام سەرەڕای تەزویراتەکان، لە کۆی پڕۆسەکە سەرکەوتنمان بە دەستهێناوە و سازشت لە تاکە دەنگێکی خۆمان ناکەین و دەبێت پێشەلکارەکان سزا بدرێن.
دواتر ئارام سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ڕاپۆرتێکی لەبارەی ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن خوێندەوە و تیایدا هاتبوو: لەکۆی 10 هەزار و 155 فلاش، کە لە سێ پارێزگاکەی هەرێم و کەرکووک لە دەنگداندا بەکارهێنراون، 4 هەزار و 346 فلاشیان نەگەڕێندراونەتەوە بۆ بەغدا.
ئەوەش هاتبوو: نەوەی نوێ لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم و کەرکووک، 509 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام تەنها 165 هەزار دەنگی بۆ هەژمار کراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی نەوەی نوێ-دا هاتووە: یەکێتی و پارتی 640 هەزار دەنگیان تەزویر کردووە، لەو ژمارەیەش 344 هەزاری دەنگی نەوەی نوێ بووە، کە دەکاتە %54ی کۆی دەنگە تەزویر کراوەکان لە هەرێمی کوردستان.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا، لیستی نەوەی نوێ جەختیشیکردووەتەوە: هەموو ڕێگایەکی یاسایی بۆ هێنانەوەی دەنگەکانمان دەگرینە بەر و ئەگەر لە کۆمسیۆن وەڵامی سکاڵاکانمان نەبێت، ئەوا دەیگوازینەوە بۆ دادگای فیدڕاڵیی.
ڕۆژی 12ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن، ئەنجامەکانی دەنگدان ڕەتدەکەنەوە و داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکەن، بەو پێیەی وەک خۆیان دەڵێن، ساختەکاریی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا کراوە.[1]
#20-05-2018#