دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەهۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران، گرفتی گەورە ڕووبەڕووی جوتیارانی #شارەزوور# بووەتەوە، ئەگەر چارەسەریان بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوا ناچارن لەبری ئەوەی گەنمەکانیان بدەنە سایلۆکان بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕەکاندا بیفرۆشنەوە.
عەبدوڵا عەلی، یەکێک لە جوتیارانی دەشتی شارەزوور، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی خەریکە لە سنوری دەشتی شارەزوور دەستبکرێت بە دروێنەکردنی گەنم، بەڵام جوتیارانی سنورەکە نیگەرانن لە بڕیارێکی حکومەتی عێراق لەبارەی کەمکردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران، بەجۆرێک پێشتر بۆ هەر دۆنمێک زەوی کە بە گەنم چێنرا بێت تۆنێک گەنم وەردەگیرا بەڵام ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ 700 کیلۆ.
ئاماژەی بەوەشکرد، گرفتێکی دیکەمان ئەوەیە کە لە کاتی خۆیدا پارەی گەنمەکانمان ڕشادەست ناکرێت، چونکە جوتیارمان هەیە تا ئێستاش پارەی گەنمی ساڵی 2014 ی وەرنەگرتووە، بۆیە ئەگەر ئەم گرفتەمان بۆ چارەسەر نەکرێت ناچارین لەبری ئەوەی گەنمەکانمان ببەین بۆ سایلۆکان لە بازاڕەکاندا بە نرخێکی هەرزانتر بیفرۆشینەوە، کە ئەمەش دواجار هەر بە زیانی جوتیاران دەشکێتەوە.
لای خۆیەوە بەختیار عیزەت، بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: لە ساڵی ڕابردوودا لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقییەوە بڕیارێک دەر کرا کە وەرگرتنی گەنمی لە جوتیاران سنوردار کردووە، ئەمەش نیگەرانی جوتیارانی لێکەوتەوە، هەرچەندە تا ئێستا لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە ڕێنمایی نوێمان بەدەست نەگەیشتووە بەڵام بە دڵنیاییەوە کار بەهەمان ڕێنمایی ساڵی ڕابردوو دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە سێ جۆر نرخ دیاریکراوە، بەجۆرێک گەنمی پلە یەک کیلۆی بە 560 دینار و گەنمی پلە دوو بە 480 دینارو گەنمی پلە سێ بە 420 دینار وەردەگیرێت، هاوکات لە ساڵی ڕابردوودا چوار هەزار و 189 تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیرا لە کاتێکدا سایلۆی سەیدسادق توانای وەرگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە.
بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەمساڵ حکومەتی عێراقی بڕیاریداوە بڕی 323 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لەو ژمارەیەش بڕی 80 هەزار تۆنی بۆ هەریەکە لە سایلۆکانی پیرە مەگرون و ڕانییە و سەیدسادق دیاریکراوە کە ئمەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە، هاوکات تا ئێستا بڕی 31 ملیار دینار پارەی گەنمی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 ی جوتیارانی سنوری دەشتی شارەزوور لای حکومەتی عێراقی ماوە و هێشتا خەرج نەکراوە.[1]
#24-05-2018#