ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردە و داهاتی نەوتی کوردستان لە نێوان ساڵانی 2017 و 2018 گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک ئاستی هەناردەی نەوتی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2018 بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی 2017 بەڕێژەی 46% دابەزینی تۆمار کردووە، هەروەها داهاتی نەوتی هەناردەش بەڕێژەی 27.5% کەمی کردووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کانوونی یەکەمی 2016 بەدواوە هیچ ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردە و داهاتی نەوتی کوردستان بڵاونەکردووەتەوە، ئەویش دوای ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆیت کرد بە مەبەستی وردبینی لە داهات و هەناردەی نەوتەکەی. کۆمپانیا بیانییەکە لە 18ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، یەکەمین ڕاپۆرتی خۆی کە تایبەت بوو بە داهات و ئاستی هەناردەی نەوتی کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی 2017، بڵاوکردەوە.
بەهۆی گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی نەوت لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەرزترین ئاستی لە ماوەی 24 مانگی ڕابردوودا تۆمار کرد، بە جۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا بە 80 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش هەواڵێکی زۆر خۆش بوو بۆ ئەو وڵاتانەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن، بەڵام پێناچێ بەرزبوونەوەی نرخ، کاریگەری زۆری لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان هەبێ، چونکە بە پشتبەستن بە داتاکانی تۆڕی کەشتیوانی جیهانی تانکەر تراکەرز و کۆمپانیای دیلۆیت و لیژنەی وزەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردە و داهاتی نەوتی کوردستان لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دابەزینێکی گەورەی تۆمار کردووە.
لێرەدا بە پشتبەستن بەناوەڕۆکی ڕاپۆرتی شەش مانگی یەکەمی 2017ی کۆمپانیای دیلۆیت و ئامارەکانی ماڵپەڕی Tankertrackers، بەراوردێک لە نێوان ئاستی هەناردەی نەوت و هەروەها تێکڕای بەهای یەک بەرمیل نەوت و داهاتی نەوتی کوردستاندا دەکەین.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت، لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2017دا بەرزترین ئاستی هەناردەی نەوتی کوردستان لە مانگی ئادار تۆمار کراوە کە 17 ملیۆن و 303 هەزار و 760 بەرمیل بووە، بە پێچەوانەوە کەمترین ئاستی هەناردەی نەوتیش لە مانگی نیسان بووە کە 14 ملیۆن و 866 هەزار و 084 بەرمیل بووە.
داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2017 دوو ملیار و 805 ملیۆن و 815 هەزار و 516 دۆلار بووە، کە تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت لەو چوار مانگەدا 42.54 بەرمیل بووە. بەڵام لە چوار مانگی ئەمساڵدا سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، داهاتی نەوتی کوردستان دابەزیوە بۆ دوو ملیار و 32 ملیۆن و 668 هەزار دۆلار. تێکڕای نرخی نەوت لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا 55.50 دۆلار بووە بۆ یەک بەرمیل.
هەناردەی نەوتی کوردستان لە چوار مانگی یەکەمی 2017دا 65 ملیۆن و 894 هەزار و 763 بەرمیل نەوت بووە، بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دابەزیوە بۆ 36 ملیۆن و 798هەزار و 112 بەرمیل. واتە بەڕێژەی 46% ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە.
سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گەڕاونەتەوە سەر سکەی قازانج، بەڵام بەهۆی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بڕی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، چونکە پێشتر هەرێمی کوردستان تەنیا لە کێڵگەکانی کەرکووک ڕۆژانە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد، بەڵام لەدوای پەلاماری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر شاری کەرکووک، نەوتی شارەکە جارێکی دیکە کەوتەوە ژێر ڕکێفی حکومەتی عێراق.[1]
#24-05-2018#