وەزارەتی نەوتی عێراقی ئاشکرایکرد، لەسەر هەناردەی نەوت لە دەروازەکانی باکورەوە نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن، ئەوەش ڕۆژانە زیانی 550 هەزار بەرمیل نەوت لەعێراق دەدات.
عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 28ی ئایاری 2018 لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی #کەرکووک# لەبەر ڕێکنەکەوتن لەگەڵ هەرێم ڕاگیراوە، وەزارەت خوازیاری دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوتە لەڕێگەی بۆری باکورەوە.
وتیشی بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی کەرکووک ئێستا زیاترە لە 150 هەزار بەرمیلە، دەکرێت زیادیش بکرێت، بەڵام نەناردنی نەوت لە دەروازەی باکورەوە ڕۆژانە زیاتر لە 550 هەزار بەرمیل زیان بە عێراق دەگەیەنێت، لە کۆی هەناردەی نەوت.
وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وەزارەتی نەوت چەندینجار ئارەزووی خۆی بۆ هەناردەی نەوت لە دەروازەی باکورەوە دەربڕیوە، بەڵام ئاڵۆزی دۆسیەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم هۆکارە بۆئەوەی نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوە سەرەڕای ئەوەی هەرێم سەربەخۆ هەناردەی نەوت دەکات، هەروەها لەگەڵ کۆمپانیاکاندا گرێبەستی کردووە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەندی و وەزارەتی نەوت.
جەختیشی کردەوە، وەستانی هەناردەی نەوت زیان بە ئابوری نیشتمانی و زەرەری گەورەی دارایی لە عێراق دەدات.
داواشیکرد، بەرژەوەندی گشتی لەسەرووی هەموو ئیعتیبارەکانەوە دابنرێت، چونکە ناردنی ئه و بڕە نەوتە یارمەتیدەری بودجەی عێراقە کە بەسەر هەموو عێراقییەکاندا دابەشدەکرێت.[1]
#28-05-2018#