بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی تۆڕی میدیایی ڕووداو، پیرۆزبایی لە هەموو هاوکارانمان دەکەین لە تۆڕی میدیایی ڕووداو. کار و داهێنانی ئەوان، ئەمڕۆ گەلی کوردستانی کردووەتە خاوەن میدیایەکی بەنێوبانگ و هاوچەرخ و کاریگەر لە ناوچەکە و جیهاندا.
ئێوارەی ڕۆژی 29/5/2018 بە دەستپێکردنی پەخشی تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ و دیجیتەڵمیدیای ڕووداو، دروستبوونی تۆڕێکی مەڵتیمیدییمان ڕاگەیاند بەناوی (تۆڕی میدیایی ڕووداو)، وەک درێژەپێدەری کاری پیشەییانەی کۆمپانیای ڕووداو کە لە ساڵی 2008 دامەزرا.
تۆڕی میدیایی ڕووداو دیبەتێکی فراوانی هەمەلایەنەی ناوخۆیی دروستکرد، بەباشترین شێوە خزمەتگوزاری گەیاندنی زانیارییەکانی بۆ بینەران و بیسەران و خوێنەران دابینکرد و، پرس و پرسیارەکانی خەڵکی کوردستانی گەیاندە هەموو ناوەندەکانی بڕیاردان لە جیهان.
دروستبوونی تۆڕی میدیایی ڕووداو، پێشکەوتنێکی گەورەی دروستکرد و گۆڕانێکی پیشەییانەی لە هەموو میدیای کوردی و کوردستاندا دروستکرد، کە ئەوەش کاریگەرییەکی زۆری پۆزەتیڤی هەبوو لەسەر هەموو کۆمەڵگەی کوردستان لە گشت بوارەکاندا.
ئەمڕۆ دوای پێنج ساڵ لە تەمەنی تۆڕی میدیایی ڕووداو، ڕووداو یەکێکە لە بەرفراوانترین و کاریگەرترین دەزگا میدیاییەکانی ناوچەکە و، خاوەن پێگەیەکی دیاری جیهانیشە.
لەساڵیادی تۆڕی میدیایی ڕووداودا، یادی هەردوو هاوکارمان شەهید شیفا گەردی و پەیامنێری بێسەروشوێنکراومان فەرهاد حەمۆ دەکەینەوە، ڕووحی ئەوان گیانی هاوکاری و کارکردنی بەهێزتر دەداتە هەموو هاوکارانی ڕووداو.
بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی میدیایی ڕووداو
#29-05-2018#