ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی نائاسایی خۆی لە وەرزی دووەمی یاسادانان/ ساڵی چوارەم/ خولی سێیەم کە 28ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، بەپشتبەستن بە ماددەی (59/دووەم)ی دەستور، دەقی ئەم بڕیارەی دەرکرد.
(بەپشتبەستن بە مادەکانی (25) و (102) و (38)ی یەکەمی دەستور، هەروەها مادەی (2) یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە (11)ی هەموارکراوی ساڵی 2017و پشتبەستن بەوەی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی ڕۆشتووە، بەجۆرێک بگونجێت لەگەڵ ئازادی دەنگدەر لە هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەوپێیەی لە مافە دەستورییەکانی تاکی عێراقییە، هەروەها لەسەر بنەمای ئەو دیکۆمێنت و بەڵگانەی کە لەلایەن قەوارە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە خراوەنەتەڕوو، هەروەها ئەوەی لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە و ئەو ڕاپۆرتە هونەرییانەی دراون بە دەزگا تایبەتمەندەکانی وەکو دەزگای چاودێری دارایی و دەزگای هەواڵگری و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی، پێویست دەکات ڕێوشوێنی نوێ بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی پرۆسەی دیموکراتی لە عێراق، بۆ ئەوەی متمانە بە خاوێنی و دادپەروەی پرۆسەی هەڵبژاردن بپارێزرێت، بڕیاریدا لایەنە پەیوەندیدارەکان هەریەکەیان بەگوێرەی تایبەتمەندی خۆی، ئەو ئامرازانە بگرێتەبەر کە گەرەنتی گێڕانەوەی متمانە دەکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوازێکی دادپەروەرانە و خاوێن، لەناویاندا:
یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دەرەوە و هەڵبژاردنی دەنگدانی مەرجدار لە کەمپی ئاوارەکانی پارێزگای ئەنبار، سەلاحەدین، نەینەوا، دیالە، بەڵگەیان لەسەر هەیە کە ئیرادەی دەنگدەران ساختەکراوە و پێشێلکاری گەورە ڕویداوە لە ڕەوتی ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردن تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی 2018، جگە لە دەنگی کەمینەکان کە سیستمی کۆتا دەیانگرێتەوە.
دووەم: جیاکردنەوە و ئەژمارکردنی دەنگەکان بۆ لانی کەمی (10%)ی سندوقەکانی دەنگدان لە بنکەکانی دەنگدان، ئەگەر سەلمێندرا ڕێژەی (25%)ی ئەو دەنگانەی ئەژماردەکرێنەوە بەشێوەی دەستی ناکۆکن لەگەڵ ئەنجامی ئامێری خێراکردنی ئەنجامەکان، ئەو ئەنجامانە هەڵدەوەشێندرێنەوە کە لەسەر بنەمای ئامێرەکە دانراون و بۆ هەموو سندوقەکانی دەنگدان پشت بە ژماردنی دەستی دەبەسترێت.
سێیەم: وێنەی ئەلیکترۆنی و وێنەی ڕووناکی کارتەکانی دەنگدان و ئەنجامە نێردراوەکان لەرێگەی مانگی دەستکردەوە بۆ سێرڤەری سەرۆکی کۆمسیۆن و ئەو ئەنجامانەی کە لە تالی سەنتەر هەن بۆ ئاستی کاندید لە هەر وێستگەیەک، بەشێوەیەکی خێرا دەدرێن بە قەوارە سیاسییەکان.
چوارەم: دووبارەکردنەوەی ئەژمارکردنی دەنگەکان بەشێوەی دەستی لەو وێستگانەی پارێزگای کەرکووک کە تێیاندا (ئێس دی ڕام) گۆڕدراوە هەروەها لەو وێستگانەی کە ئەنجامەکان تێیاندا هەڵوەشێندراوەتەوە.
پێنجەم: دڵنیابوونەوەی لە پرۆسەی هاوتابوونی ئەو تۆمارانەی کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی نێردراون، ئەوەش لەڕێگەی ئەژمارکردنەوەی چەند سندوقێکەوە (فلاش) و (ئێس دی کارد) لەبەردەم بریکاری قەوارە سیاسییەکان بەشێوەیەکی شەفاف.
شەشەم: ئەوەی لەسەری سەلمێندرا تێوەگلاوە لە زیانگەیاندن بە دادپەروەری و خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت لەنێویاندا دادگا، بەمەبەستی لێپرسینەوە و سزادانیان.
حەوتەم: هەموو ئەو بەراییانەی کە لەبەردەستدان ڕەوانەی داواکاری گشتی و دەستەی نەزاهە بکرێن، پێویستە لەسەر ئەو لایەنانە بەو ئەرکانە هەستن کە یاسا بەرکارەکان پێویستیان کردووە لەسەریان، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.
هەشتەم: لیژنەی بەدواداچوونی ڕاستییەکان بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی و پەلەدەکات لە پێشکەشکردنی ئەو ئەنجام و پێشنیازانە بە ئەنجومەنی نوێنەران، کە پێیدەگات.
نۆیەم: پاڵپشتیکردنی کارەکانی لیژنەی باڵای پێکهێنراو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تایبەت بە وردبینیکردن لە بەڵگە و دیکۆمێنتەکان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمدواییەوە.
دەیەم: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان لە پارێزگاکانی کەرکووک و هەرێم کە بەڵگەی ساختەکردنی ئیرادەی دەنگدەران و ڕودانی پێشێلکاری گەورەیان لەسەرە لە ڕەوتی ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن.
یانزەهەم: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی دەرەوە کە پرۆسەی ساختەکارییان تێدا سەلمێندراوە هەروەها دەنگدانی مەرجداری لە هەموو پارێزگاکان جگە لە نەینەوا و جوڵانی دانیشتوان لە سەلاحەدین و ئەنبار و لەناونەبردنی هەر بەراییەک کە پەیوەندیدار بێت بە هەڵبژاردنەکانی ناوخۆ و دەرەوە.
دکتۆر سەلیم جبوری
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
#28-05-2018#