دواڕۆژ، #کۆچەر عەلی#
لەماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ، لە هەرێمی کوردستان 10 حاڵەتی کوشتنی ئافرەتان تۆمارکراوه و لایەنە بەرپرسەکانیش بەکەمتەرخەم لەقەڵەمدەدرێن.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای 2018، 10 حاڵەتی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوه، بەگوێرەی ئامارەکە لە هەولێر پێنج حاڵەت، دهۆک چوار حاڵەت، گەرمیان یەک حاڵەت هەبووە.
بەپێی ئامارەکە لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین و قەزای سۆران هیچ حاڵەتێکی کوشتنی ژنان لە ماوەی ئه و سێ مانگە تۆمار نەکراوە.
لەبارەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنانەوە، ئاری ڕەفیق جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند دامەزراوەکانی حکومەت و پەرلەمان و ڕێکخراوەکان کە کار لەسەر پرسی ژن دەکەن، ئاگایان لە یەکدی نییە، هەریەک لەو دەزگایانە کار لەسەر پرسی ڕۆژ دەکەن و بیرناکەنەوە لەوەی بەپێی پلانێکی تۆکمەی هەمەلایەن پێشبینی ساڵی داهاتوو بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان بکەین، بۆیە توندوتیژی بەلامانەوە بووەتە حاڵەتێکی ئاسایی.
ئه و بەرپرسە وتیشی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک پێویست لەدژی کوشتنی ژنان هەڵوێستی جدییان نەبووە، بۆیە ناکرێت ئه و جیاوازییە بکرێت.
ئاری ڕەفیق، ئاماژەی بەوەشکرد، ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بەشێک له و هۆکارانەن کە ژن بەهۆیەوە دەکوژرێت، چونکە ئەوان تائێستا نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی ئه و ژمارانە بکەن لە ڕێگەیانەوە هەڕەشە لە هاووڵاتیان دەکرێت و توندوتیژی پێ ئەنجامدەدرێت.
روونیشیکردەوە، پاراستنی شەرەف بووەتە بیانوویەکی بەهێز بۆ کوشتنی ژنان و پێویستە پەرلەمان و حکومەت ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم کێشە جەرگبڕە بدۆزنەوه و ڕێگری له و تاوانە گەورانە بکەن.[1]
#30-05-2018#