دواڕۆژ، #کۆچەر عەلی#
بەرپرسێکی #وەزارەتی کشتوکاڵ# ئاشکرایدەکات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار دەستیان بەسەر نزیکەی 16 هەزار پارچە دەرمان و ماددەی قڕکەردا گرتووە کە زیانی زۆریان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.
جەمال ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پاراستن و سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە بەرواری 1ی کانونی دووەمی 2018 تاوەکو 30ی ئایاری 2018 لیژنەکانی چاودێری کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەر نزیکەی 16 هەزار پارچە لە دەرمان و ماددەی قڕکەردا گرتووە.
وتیشی ئەو ماددە قڕکەرانەی کە بۆ لە ناوبردنی مێروولە زیانبەخشەکان خەڵک لە ماڵان و کێڵگە کشتوکاڵییەکان بەکاریدەهێنن، لە کۆمەڵێک پێکهاتەی کیمیایی دروستدەکرێت کە ئەگەر بەڕێژەیەکی زۆر لەناو کێڵگە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکان بەکاربهێندرێت مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی شێرپەنجەی لێدەکرێت کەئەمە بۆ ماڵانیش هەمان مەترسی هەیە.
ئاکرەیی ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ڕێگریکردن له و ماددە قڕکەرانە کە لە سنورەکانەوە دەهێندرێنە ناو هەرێمی کوردستان، چەند لیژنەیەک ڕۆژانە کاری خۆیان بە بەردەوامی ئەنجام دەدەن و چاودێریەکی توندی ئه و بازرگانانە دەکەن کە دەرمان و ماددە قڕکەرەکان دەهێن کە هەندێ لەوانە زیاتر بەرژەوەندی خۆیان لەبەرچاو دەگرن نەک تەندروستی هاوڵاتیان، چونکە کاتێک ئه و دەرمانانە بەسەر سەوزە و میوەدا دەڕشێندرێت کاریگەری خراپی ئه و ماددانە هاوڵاتی توشی دەیان نەخۆشی درێژخایەن و مەترسیدار دەکات گەر بڕی بەکارهێنانەکە زۆربێت.
ئه و بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونیشیکردەوە، لە بەرنامەیاندا هەیە بە نوسراوی ڕەسمی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە گومرگی هەرێم ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی خاڵە گومرگییەکانەوە ڕێگری بکرێت لە هاوردەکردنی ئەو ماددە و دەرمانە زیانبەخشانە.
بەر لە قەیرانی دارایی ساڵانە حکومەتی هەرێم بڕی چوار ملیار دیناری بۆ کڕینی دەرمانی قڕکەر لە دەرەوە هاوردەی هەرێم دەکرد، بەڵام لە دوای ساڵی 2014 بەهۆی کەمی بوجە حکومەت ئه و بڕە پارەیەی کەمکردەوە بۆ نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن.
حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەرمانە قڕکەرەکانی دابەشی سەر جوتیاران دەکرد بۆ ئەوەی دژی مێروولە زیانبەخشەکانی سەر کەرتی کشتوکاڵ بەکاریبهێنن ئەویش بە کۆمەڵێک مەرجی تەندروستی لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.[1]
#31-05-2018#