هونەرمەند و مۆسیقاژەنی ناوداری کورد، محەمەد عەلی شاکر، ساڵی 1946 لە شاری دربێسی لە #ڕۆژاوای کوردستان# لەدایک بووە. دوای وەرگرتنی بڕوانامەی ئامادەیی لەگەڵ خێزانەکەی دەچێتە #سەرێکانی# و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. سەرێکانی سەرەڕای سرووشتی خۆی، کاریگەرییەکی ناوازە لەسەر ژیان و مۆسیقای محەمەد عەلی شاکر دادەنێت. بۆ ئەو سەرێکانی بوارێکی وەها بوو کە خۆی و مۆسیقای خۆی تێدا دەبینییەوە. چونکە سەرێکانی بە سرووشت و کەشوهەوا دەوڵەمەندە و دەرفەتێک بوو بۆی کە بتوانێت بە گۆرانییەکانی توانا هونەرییەکانی خۆی گەشە پێ بدات. لەو سرووشتە جوانەدا توانا هونەرییەکەی گەشە دەکات و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە ئەستێرەیەکی هونەری و یەکێک لە هێما هونەرییە بەناوبانگەکانی سەرتاسەری ڕۆژاوای کوردستان.
ساڵی 1963، ژیانی هونەریی ئەو دەست پێ دەکات. کاتێک مامۆستایەکی عەرەب لە گوند، ئامێرێکی عوودی بۆ کڕی، لەگەڵ براکەی (مەحموود عەزیز شاکر) یەکەم گۆرانیی بە ناوی زەینەبێت وت و لە ساڵی 1968دا هونەرمەند یووسف بەرازی (بێ بوهار) ئەو گۆرانییەی بۆ دەستکاری و سەرڕاست کرد.
هونەرمەندە گەورەکەمان لە تەواوی ژیانیدا، 300 گۆرانیی لە هۆنراوە و ئاوازەکانی خۆی هێنایە نێو هونەری کوردییەوە. هەروەها لە 48 گۆرانی و ئاوازیدا لە هۆنراوەەکانی شاعیرانی وەک جەگەرخوێن، تیرێژ، بێ بوهار و دەهام عەبدولفەتاح کەڵکی وەرگرتووە.
هەروەها زۆرێک لە هونەرمەندان لە گۆرانییەکانی ئەویان گوتووە، وەک مەحموود عەزیزی برای، محەمەد شێخۆ، مستەفا خالید، شەهریبان کوردی، #گوڵستان پەروەر#، جەمیلە مستەفا و زۆی و زۆر کەسی دیکەش.
هونەرمەندی گەورەمان هەموو گۆرانییەکانی لەسەر بابەتەکانی وەک، کۆمەڵایەتی، نەتەوەپەروەری، وڵاتپارێزی و مرۆڤایەتی و بەتایبەتیی لەسەر ژن، خۆشەویستی، نیشتمان و شەهیدان و هەندێک شار کە لە دڵیدا ئازیزن وەک #قامیشلۆ#، #عەفرین#، #کۆبانی#، سەرێکانی، #ئامەد# و #هەولێر# ساز کردووە. ئەو هەرچەندە ئاوازدانەر بوو، بەڵام چەندین گۆرانیی بەناوبانگی هەیە کە هیی خۆیەتی، وەک: ئەز دل کەتم وان چاڤان، ڕێویۆ، گەورێ، یارا زۆر جوانە، بەر دلێ من پر شێرینە، لۆلۆ لاوکۆ، عەید و عەرفات، ئەز کەچکەک کوردی مە و هتد. محەمەد عەلی شاکر کاریگەریی لەسەر زۆرێک لە هونەرمەندان هەبووە و زۆرتر لەسەر خوشکەزا و برازاکانی کە ڕێی ئەویان گرتووەتە بەر و گۆرانییان گوتووە، کاریگەریی هەبووە.
بۆیە بەهۆی ئەوەی کەسێکی بەرهەمدار و داهێنەر بوو، مەحموود شاکری برای سوودێکی زۆری لە پاڵپشتییەکەی وەرگرت و توانیبووی لە سایەی ئەو و بە دەنگی خۆی بگاتە زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی دەرەوەی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان و هەردووکیان توانییان قوتابخانەیەکی هونەری بنیات بنێن و میراتێکی گەورە و دەوڵەمەند پێشکەش بە هونەری کوردی بکەن.
لە ژیانیدا وەک هونەرمەند و شاعیرانی تری کورد، ڕووبەڕووی سەختی و ئاستەنگەکانی ڕێژیمی سووریا بووەوە. سەرەڕای هەموو سەختییەکان، پەرتووکێکی بە ناوی 60 ئاواز و ئاوازبەندەک چاپ کردووە.
هونەرمەندی ناودار محەمەد عەلی شاکر، بەرەبەیانی #24-01-2020#، بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی قامیشلۆ کۆچی دواییی کرد و لە شاری #عاموودا# بەخاک ئەسپێردرا. ئەو بە کۆمەڵە گۆرانییە فۆلکلۆری و کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەرییەکانی، هەمیشە وەک ئاوازێک لە یادەوەریی کورداندا یادی دەکرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ لە چاوی کورداندا وەک ئەستێرەیەکی هونەریی دێرین دەبینرێت.[1]