سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا جەهەپە ئاشکرایکرد، تورکیا 151 ملیار دۆلار سوودی قەرزە دەرەکییەکانی لەسەرە و بەزیادکردنی باجی سەر خەڵک، دەیەوێت قەرزی سوودەکان بداتەوە نەک قەرزەکان.
لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پارێزگای بوڕسا، کەمال کڵچدارئۆغڵو گوتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند لە ساڵی 1923 تاوەکو 2002 کە دەکاتە 79 ساڵ، کۆی خەرجییەکانی حکومەتە یەک بەدوای یەکەکانی تورکیا 713 ملیار دۆلار بووە. بەڵام لە ساڵی 2003 تاوەکو 2017 واتە لە ماوەی 14 ساڵدا، کۆی خەرجییەکانی حکومەتی ئاکپارتی 2 ترلیۆن و 94 ملیۆن دۆلار بووە. لەم بڕە پارەیە تەنیا پرد و شەقام و چەند نەخۆشخانەیەک و یاریگایەک دیارە. دەبێ ڕوونبکرێتەوە ئەم پارانە بۆ کێ و چۆن خەرجکراوه. لەکاتێکدا جووتیار و پیشەگەر و کەرتی پیشەسازی بەردەوام زەرەر دەکەن.
کڵچدارئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی لە ماوەی 16 ساڵی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا 151 ملیار دۆلار فائیزی قەرزە دەرەکییەکان دراوە و بەزیادکردنی باجی سەر خەڵک، قەرزی فائیزەکان دەدەن نەک قەرزەکە. لەکاتێکدا کەمترین مووچەی خانەنشین 85 دۆلارە و 1 ملیۆن و 645 هەزار خانەنشینیش مووچەی 325 دۆلاری خانەنشین وەردەگرن. بەڵام ئێمە کەمترین مووچەی خانەنشینی 500 دۆلار دەدەین ئەگەر دەسەڵات وەربگرین.
لەبارەی سیستەمی دادوەری، کڵچدارئۆغڵو گوتی بەهۆی ئەوەی سیستەمی دادوەری تورکیا بێلایەن و سەربەخۆ نییە، کەس لەم وڵاتەدا گیان و ماڵی سەلامەت نییە. سەرۆککۆمار خۆی کەسێکی حیزبییە، چۆن دەکرێت کەسێکی حیزبی دادوەر و داواکاری گشتیی دابمەزرێنێت. چۆن دەبێت دادوەر لە دەسەڵات بترسێت؟ لە تورکیا سیاسەتوان بڕیاری گرتن و ئازادکردن دەدات نەک دادوەر. چۆن دەتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین کە وڵاتەکەمان دەوڵەتی یاسایە.
روونیشیکردەوە لە تورکیا 90%ی میدیاکان لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدایە. ئەگەر میدیا لەلایەن حکومەت و دەسەڵات کۆنترۆڵ بکرێت زانیاری دروست بەهاووڵاتیان نادرێت. میدیاکان شەرم لە ئینجە دەکەن بۆیە تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو کاژێر چالاکییەکانیان ڕووماڵ کردووە بەڵام لە بەرامبەردا سەتان کاژێر ڕووماڵی تایبەتییان بۆ ئەردۆغان کردووە. هەرچی مەراڵ ئاکشەنەر و تەمەل کەرەموڵڵائۆغڵو و دۆغو پەرینچەک کە ئەوانیش بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمارن، یەک چرکەش ڕووماڵی چالاکییەکانیان نەکراوە.[1]
#01-06-2018#