دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەشێوەیەکی خێرا بووەتە باسوخواسی خەڵکی تورکیا و مانشێتی ڕۆژنامە تورکی و بیانییەکان. پرسیاری خەڵک و زۆربەی وەبەرهێنەران ئەوەیە بۆچی لەماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا لیرەی تورکی بەهاکەی بەو شێوەیە دانەبەزیوە و لەوەتەی پارتی دادوگەشەپێدان لە دەسەڵاتە، ئابووریی تورکیا زۆرترین گەشەی کردووە؟
ئایا دابەزینی بەهای لیرە پەیوەندی بە خراپبوونی ڕەوشی ئابووریی تورکیاوە هەیە، یان ئەمەش پیلانێکە بۆ سەرەولێژکردنەوەی دەسەڵاتی ئاکپارتی؟
هۆیەکەی چییە، ئایا ژێرخانی ئابووریی تورکیا و سیستمە ئابوورییەکەی توانای بەرگەگرتنی نەماوە؟
کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکیی ئابووری و سیاسی بوونەتە هۆکاری دابەزینی بەهای لیرە.
بەرزیی ڕێژەی هەڵاوسان بە یەکێک لەو فاکتەرە ئابوورییانە دادەنرێت کە بەهای لیرەی تورکی دابەزاندووە. بەپێی ئامارەکان ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا لە مانگی ئایاردا گەیشتووەتە 10.85٪ ئەمە لەکاتێکدایە ڕێژەی سوودی بانکی لەو وڵاتە لەڕێژەی هەڵاوسان نزمترە، هەربۆیە هاووڵاتییەکی ئاسایی یان وەبەرهێنەرێک کاتێک پارەکانی لە بانکدا دادەنێت، لەبری ئەوەی بەو سوودەی کە وەریدەگرێت پارەکەی زیاد بکات، بەپێچەوانەوە کەمی دەکرد، چونکە دابەزینی بەهای پارەکەی زیاتر دەبێت لەو ڕێژە سوودەی کە وەریدەگرێ، ئەمەش بانکی ناوەندیی تورکیای ناچار کرد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاری بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود بدات بەبڕی 300 خاڵی سەرەکی، تا بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بتوانێت پارەیەکی زیاتر بۆ بانکەکان ڕابکێشێ و بەمشێوەیەش ڕێژەی هەڵاوسان کەم بکاتەوە کە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر دووبارە بەرزبوونەوەی بەهای لیرە، بەڵام ئەم بڕیارەی بانکەکە تەنیا چەند کاژێرێکی کەم بەهای لیرەی بەرزکردەوە و دووبارە بەهاکەی دابەزی، بە جۆرێک یەک دۆلار گەیشتە ئاستی 4 لیرە و 81 قروش.
کورتهێنانی تەرازووی بازرگانیی تورکیا یەکێکی دیکەیە لە فاکتەرەکانی دابەزینی بەهای لیرە. بەپێی ئامارەکان تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەرازووی بازرگانیی تورکیا بە بەهای 16 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کورتهێنانی هەبووە، ئەمە لەکاتێکدایە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا کورتهێنانەکە تەنیا 8 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەو کاڵایانەی تورکیا هاوردەی کردوون زۆر لەو کاڵایانە زیاتر بووە کە هەناردەی کردوون.
بەشێکی دیکەی دابەزینی بەهای لیرە پەیوەندی بە میکانیزمی کارکردنی بازاڕە تازە گەشەکردووەکانەوە هەیە کە هەر لە سەرەتاوە شێوازی ڕاکێشانی سەرمایەیان لەڕێگەی بانکەکانەوە شێوازێکی باش نەبوو.
لەساڵانی ڕابردوودا ڕێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا لە نێوان 0.15 – 0.25% بوو، بۆیە بەشێکی زۆر لە سندوقەکانی وەبەرهێنان لە وڵاتانی تازە گەشەکردوو وەکو تورکیا و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە بەڕێژەیەکی سوودی کەم، قەرزیان لە بانکەکانی ئەمریکا دەکرد و وەبەرهێنانیان لە قەواڵە داراییەکانی تورکیا دەکرد کە ڕێژەی سوودێکی بەرزی هەبوو، ئەمەش بە وەبەرهێنانێکی قازانجبەخش بۆ هەر یەکە لە وەبەرهێنەرەکان و حکومەتی تورکیا دادەنرا، بەڵام لەدوای ئەوەی ترەمپ دەسەڵاتی گرتە دەست و ڕێژەی بێکاری بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی ئەمریکا دابەزی و زۆرترین هەلی کار لە ئەمریکا دەستەبەر کرا، بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بڕیاری ڕاگرتنی سیاسەتی پاڵپشتی نەختی داو ڕێژەی سوودی بانکی بەرزکردەوە، تا وای لێهات لەمساڵدا ڕێژەی سوودی بانکی بەرزکرایەوە بۆ 1.75٪، بڕیاریشە هەر لەمساڵدا 3 جاری دیکە بانکی فیدراڵی ڕێژەی سوود بەرز بکاتەوە.
لەگەڵ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود ئەو پارانەی کە لە ڕابردوودا وڵاتانێکی تازەگەشەکردووی وەکو تورکیا قەرزیان کردبوو، تێچووەکەی بەرز بووەوە، واتا بڕی دانەوەی قەرزەکە زیادبوو لەسەر تورکیا، ئەمە جگە لەوەی کێشە جیۆسیاسییەکانی ناوخۆی تورکیا و کێشەکانی نێوان سەرۆککۆماری تورکیا و بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە، متمانەی وەبەرهێنەری بە ئابووری تورکیا کەمکردەوە، هەربۆیە لەگەڵ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لەلایەن بانکی فیدراڵی ئەمریکاوە سەرمایەیەکی زۆر لە تورکیا و وڵاتانی تازە گەشەکردوو دەچێتە ئەمریکا، بەم شێوەیەش تورکیا دوو جار زیانی لێدەکەوێت، هەربۆیە گوشارەکانی سەر لیرە تادێت زیاتر دەبن.
ئەوەی جێی مەترسییە (credit default swap)ی سەر لیرەیە، واتا بڕی دڵنیاکردنەوە لەسەر قەرزەکان. بڕی ئەم دڵنیاکردنەوەیە گەیشتووەتە 275 خاڵی سەرەکی، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە لەلایەکەوە بازاڕەکانی تورکیا هێزی ڕاکێشانی پارەیان کەمبووەتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە تێچووی سەر قەرزەکانی تورکیا بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئامارەکان، تورکیا 430 ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی لەسەرە، 283 ملیار دۆلاری قەرزە دەرەکییەکانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتە، لەوەتای ئاکپارتی دەسەڵاتی وەرگرتووە تا ساڵی 2018، بڕی قەرزە دەرەکییەکانی تورکیا 130 ملیار دۆلار زیادی کردووە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە گەشەکردنی ئابووریی تورکیا بەهۆی بەهێزیی ئاستی بەرهەمهێنان نەبوو، بەڵکو بەهۆی پاڵپشتیی ئەو قەرزە دەرەکییانە بوو کە ئێستا باری سەرشانی تورکیای قورس کردووە و بووەتە هۆکاری دابەزینی بەهای لیرە.
بەشێکی زۆر لە ئاژانسەکانی وەکو فیتچ کە پلەبەندی ئابووریی وڵاتان دەستنیشان دەکەن، پێشبینی دەکەن ئەگەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا دەربچێتەوە و جومگە سەرەکییەکانی ئابووریی تورکیا بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و کۆتایی بە سەربەخۆیی بانکی ناوەندی بهێنێ، ڕەوشی ئابووریی تورکیا خراپتر دەبێت.
هەندێک لە شارەزایانی ئابووری هۆکاری دابەزینی بەهای لیرەی تورکی دەگەڕێننەوە بۆ پیلانێکی دوژمنانی تورکیا کە نایانەوێت ئابووریی تورکیا گەشە بکات و هەوڵ دەدەن کێشە لەناوخۆی تورکیا دروستبکەن، بەڵام ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەیە و تارادەیەک زیان بە ئابووریی تورکیا دەگەیەنێت، چونکە وەبەرهێنەر ئەوکات هەست دەکات کە تورکیا لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە دژایەتی دەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆکاری چوونە دەرەوەی سەرمایە لەو وڵاتە.
بەپێی ڕاپرسییەک کە لە تورکیا لەسەر هۆکاری دابەزینی بەهای لیرە کراوە، 40%ی خەڵکی پێیانوایە دابەزینی بەهای لیرە بۆ دەستێکی دەرەکی دەگەڕێتەوە، ئەم ڕێژەیە لە نێو لایەنگرانی ئاکپارتی گەیشتووەتە 58%.
ئاژانسەکانی دەستنیشانکردنی پلەبەندی ئابووری کاریگەرییەکی بەهێزیان لەسەر دابەزینی بەهای لیرە هەبووە بەوپێیەی بەردەوام پلەبەندی ئابووریی تورکیایان دابەزاندووە، ئەمەش ترسێکی لەلای وەبەرهێنەران دروستکردووە کە سەرمایەکانیان لە تورکیا ببەنە دەرەوە.
سەرەڕای گەشەکردنی ئابووریی تورکیا بەڕێژەی 7.4% لە ساڵی ڕابردوودا، بەڵام هێشتا هەندێ کێشەی هەیکەلی هەیە کە بەردەوام ڕووبەڕووی ئابووریی ئەو وڵاتە دەبنەوە، هەرچەندە حکومەتی ئەو وڵاتە بەردەوام هەوڵیداوە سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی داهاتی زیاد بکات و بازاڕی نوێ بۆ ساخکردنەوەی کاڵاکانی بدۆزێتەوە و سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ خۆی ڕابکێشێ، بەڵام ئەوەی مایەی مەترسییە، بەپێی ئامارەکانی وەبەرهێنانی تورکیا، سەرەڕٍای هەموو ئەو هەوڵانە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، بە هۆکاری سیاسی و ئابووری 18 هەزار ملیۆنێری بیانی تورکیایان جێهێشتووە.
دژایەتی ئەردۆغان بۆ بەرزیی ڕێژەی سوود، وا دەکات هاووڵاتیان بتوانن لەڕێگەی وەرگرتنی قەرزی بانکەوە، وەبەرهێنان بکەن، ئەمەش هەلی کار زیاتر دەکات و لیرەی تورکی بەشێوەیەکی خێراتر لە بازاڕدا دەسوڕێنێتەوە، چونکە مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتن زیاد دەکات. ئەردۆغان پاڵپشتی ئەم جۆرە سیاسەتە دەکات، بەڵام ئەوەی کە کێشەیە لێرەدا، لەبەر بەرزیی ڕێژەی هەڵاوسان پەیڕەوکردنی ئەم جۆرە لە سیاسەتی نەختی، دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دراوی بیانی کە لە کۆتاییدا بەهاکەی بەرز دەکاتەوە لەسەر حیسابی دابەزینی بەهای لیرە.
بەڵام بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکاری زۆربوونی خواستی هاووڵاتیان لەسەر دراوی ناوخۆیی، ئەمەش بەهای لیرە لە بەرامبەر دۆلار بەرز دەکاتەوە، بەڵام ئەمەش زیان بە وەبەرهێنان و بەرهەمی ناوخۆیی دەگەیەنێت و ڕێژەی بێکاریش بەرز دەکاتەوە.
ئێستا تورکیا لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیدایە کە کاریگەری دەبێت لەسەر شێوەی ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە، سیستمی نوێی ئەو وڵاتەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر شێوەی نوێی سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی تورکیا، ئەمەش ترسی لەلای بەشێکی زۆر لە وەبەرهێنەران و وڵاتان دروست کردووە، بەتایبەتیش کە ئێستا تورکیا کۆمەڵێک کێشەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەڵمانیادا هەیە. هەموو ئەم فاکتەرانەش کاریگەرییان هەیە لەسەر دابەزینی بەهای لیرە لە بازاڕەکانی جیهاندا.[1]
#02-06-2018#