ماوەی چەند ڕۆژێکە دەوڵەتانی کۆنەپەرست و فاشیستی ئێران وتورکیا، بەگرتنەوەی ئاوی زێی بچوک و دیجلە، هاوڵاتیانی کوردستان و عێراقیان ڕووبەڕووی قەیرانی کەمی ئاو کردۆتەوە. بەوهۆیەشەوە گرفتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەو ئاودێری و مەترسی بۆسەر کشتوکاڵ و ئەو پڕۆژه کشتوکاڵی و ئابوریانە دروست کردوە کە سوود لەو دوو سەرچاوە ئاویە وەردەگرن، سەرەڕای ئەوەی زیانێکی گەورەی به سامانی ئاوی گەیاندوەو دەشبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی دەیان نەخۆشی و تێکسان و شێواندنی ژینگەی ئەو ناوچانەی کەوتونەتە سەر ئەو دوو ڕوبارە، هەموو ئەمانەش بە زیان و مەترسی بۆسەر ژیان و تەندروستی و بژێوی هاوڵاتیان چ لە کوردستان و چ لە عێراق تەوادەبێت و کێشەی کەمی ئاویش بۆسەر باقی گرفتەکانی وەک نەبوونی کارەباو خزمەتگوزاری، بێکاری ونەدانی موچه، نەبوونی ئارامی و ئەمنیەت ودەیان موسیبەتی تر زیاد دەکات.
پەنابردن بۆ سیاسەتی گرتنەوەی ئاو لەلایەن هەردوو حکومەتی بۆرژوا فاشیستی ئیسلامی ئیران و تورکیاوە، چنگ گیرکردنە لەگەروی هاوڵاتیان و گەمارۆیەکی ئاشکرایە بۆسەر ژیان و بژیوی دانیشتوانی وڵاتێک، ئەم هەنگاوەی ئەم دوو دەوڵەتە کۆنەپەرسته دەچێتەسەر ئەو هەنگاوانەی تائێستایان کە بەردەوام بۆ بردنەپێشەوەی کارنامەی ڕەش ودژی ئینسانیان، لەئاست ناوچەکەدا و عێراقدا ناویانە و دەستێوەردانی سیاسی و سەربازییان کردۆتە ڕێگایەک بۆ قایمکردنی پێگه و نفوزیان لەعیراق و کوردستاندا. لەئێستاشدا که دۆخی دوای هەلبژاردنی پەرلەمانی عێراق، مەسەلەی پێکهێانی حکومەتی تازەی هێناوەته پێشەوە، هەر یەک لەم دوو دەولەتە لە هەوڵی ئەوەدان ئەم سیاسەتە دژی مرۆیی و چەپەڵه بگرنەبەر، تا فشاری خۆیان لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێستا و داهاتوی عیراق و کوردستان و حزب و لایەنەکانی توندبکەنەوه، بەو مەبەستەی پرۆسەی پێکهێنانەوەی حکومەت بەجۆرێک بچێته پێشەوە کە کارنامەی سیاسی و بەرژەوەندیەکانی ئەوان مسۆگەر بکات.
لەلایەکی ترەوە ئەحزابی بۆرژوازی کورد، لەڕیزی پێشەوە، پارتی ویەکیەتی، که بۆ ڕاگرتنی پێگەی دەسەڵات و گەیشتن بە بەرژەوەندیە سیاسی و بازرگانیەکانیان، دەستیان خستۆتە دەستی هەریەک لەم دوو دەوڵەتەوە، دەرگای دەستێوەردانی سیاسی و سەربازییان بەڕوویاندا ئاوەڵاکردووە. فرسەتی ئەوەیان ڕەخساندووە که ئەم دوو دەوڵەتە کۆنەپەرسترین ودژی ئینسانیترین کارنامەی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا داسەپینن، سیاسەتی لێگرتنەوەی ئاو لەگۆشەیەکی خۆیدا، بەرئەنجامی ئەم ڕاستیەیه و بەمجۆرەش، دەسەڵاتدارانی کوردستان، ڕووبەڕوی شەرمەزاری و بەپرسیارێتی دەکاتەوه.
بەبارمتە گرتنی ژیان و بژێوی و وشککردنی گەروی هاوڵاتیانی کوردستان و عێراق، سیاسەتێکی تاسەر ئیسقان دژی ئینسانی و کۆنەپەرستانەیە و لەلایەن حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە بەتوندی مەحکومە و دەبێ دەستبەجێ ڕابگیرێ. دەبێ ئەم سیاسەتە چەپەڵەی حکومەتەکانی ئێران و تورکیا لەئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا لەلایەن ئازادیخوازانەوە لەقاوبدرێ و ناچار بەدەستبەرداربوون بکرێن!
خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی عیراق و کوردستان، تەنها بەدەستخستنە نێودەست لەگەڵ باقی هاوچینەکانیان لەئێران وتورکیا، دەتوانن هەرجۆرە سیاسەت و کارنامەیەکی دژی مرۆیی دەوڵەتانی کۆنەپەرست و بۆرژوایی ئێران و تورکیا بەشکستدا بکێشن.
سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
#04-06-2018#