دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت دەستیان بە چاکسازی کردووەو لە 2015 تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 ڕێنمایی و بڕیار دەرچووە تایبەت بە چاکسازی لە وەزارەتەکە، لە ئێستاشدا هاووڵاتیان 100 ملیار دینار قەرزاری حکومەتن.
ئەم وتانەی کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە میانی ڕێورەسمی بەخشینی بڕوانامەی ئایزۆ 9001ی 2015 بە وەزارەتی ناوخۆ کە ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی حوزەیران لە شاری هەولێر ئەنجامدرا.
کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند بەخشینی بڕوانامەی ئایزو 9001ی 2015 بە وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوێکی گرنگە بۆ چاکسازی لە وەزارەت کە دەستیپێکردووە.
باسی لەوەشکرد، کە لە ساڵی 2015 تاوەکو ئێستا زیاتر لە پەنجا بڕیار و ڕێنمای تایبەت بە چاکسازی دەرکراون لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە.
وتیشی ئامانجی ئەو گۆڕانکاری و چاکسازیە بۆ باشترکردنی ڕۆتین و ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتیان و بۆ ئەمەش لیژنەیەک پێکهێنراوە و پەیکەری وەزارەتی ناوخۆ دادەڕێژرێتەوە.
باسی لەوەشکرد دەسەڵات دراوەتە بەڕێوبەرانی پۆلیس و بە جۆرێک ئەگەر پۆلیسێک بیەوێت بچێتە دەرەوەی وڵات و مۆڵەت وەربگرێت، پێویست ناکات بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ.
وەزیری ناوخۆ باسی لەوەشکرد، کە حکومەتی هەرێم نزیکەی 100 ملیار دینار قەرزی لەلای هاووڵاتیانە و لە ئێستاشدا میکانیزمێک دانراوە بۆ گێڕانەوەی ئەو پارەیە.
بە پێی سیستەمی ئایزۆ 9001 وەزارەتی ناخۆ بەشێکی زۆری دەبێتە ئەلیکترۆنی.[1]
#06-06-2018#