بەرپرسێکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا تەنیا لەڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە بایی 6 ملیار و 779 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لەکەرتی گەشتیاریدا کراوە و پرۆژەکانی ئەو کەرتە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە ڕاکێشانی پارە بۆ کوردستان.
دوای دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان لە کوردستان، 912 پرۆژە لە 13 سێکتەری جیاواز مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام 103 لەو مۆڵەتانە بە هۆکاری جیاواز هەڵوەشێنراونەتەوە. سەرمایەی 809 پرۆژەکەی دیکەش گەیشتووەتە 48 ملیار و 661 ملیۆن دۆلار.
لەنێو پرۆژەکانی وەبەرهێناندا سێکتەری گەشتیاری لە دوای سێکتەری پیشەسازی و نیشتەجێکردن دێت کە 147 پرۆژە بە سەرمایەی 6 ملیار و 779 ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان وەرگرتووە.
سەربەست خدر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرهێنان کە سەرپەرشتی بەدواداچوونی پرۆژەکانی گەشتیاری کردووە، بە (رووداو)ی گوت: بەپێی بەدواداچوونمان بۆ پرۆژە گەشتیارییەکان، بۆمان دەرکەوت لە کۆی 147 پرۆژەی مۆڵەتدراوی گەشتیاری 50 پرۆِژەیان بەڕێژەی 100% تەواو بوون و ئێستا پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن، بەشێکی زۆریان هوتێل و ڕێستورانتی براندن و بوونەتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران.
ئەو 50 پرۆژە گەشتیارییەی تەواوبوون و کار دەکەن، بریتین لە 10 هۆتێلی براند، نۆ مۆتێل و ڕێستۆرانتی گەشتیاری، 24 پڕۆژەی یاریی هاوچەرخ و گوندی گەشتیاری و حەوت سەنتەری بازاڕکردنی هاوچەرخ.
کۆمەڵگای گەشتیاری ئەکوا تارین، یەکێکە لە پرۆژە مۆڵەتپێدراوەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە هەولێر، پرۆژەکە لەسەر ڕووبەری 20 دۆنم و بە سەرمایەی 20 ملیۆن دۆلار دامەزراوە.
پرۆژەکە لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەمی بریتییە لە سەنتەرێکی هاوچەرخی وەرزشی و مەلەوانگەیەکی ئۆلۆمپی کە بەدرێژایی ساڵ کراوەیە، بەشی دووەمی وەرزییە کە بۆ ماوەی 4 مانگ لە وەرزی گەشتیاریدا دەکرێتەوە و ئەویش لە دوو بەش پێکهاتووە (یاری هاوچەرخی منداڵانە و مەلەوانگە و یاری هاوچەرخ بۆ تازە پێگەیشتووان). هەروەها ڕووبارێکی دەستکردیش لە نێو پرۆژەکەدا هەیە.
ئەمیر ماغول ئەحمەد، خاوەنی کۆمەڵگای گەشتیاریی ئەکوا تارین، بە(رووداو)ی گوت: لەبەر ئەوەی هەولێر شوێنێکی گەرمە و ڕووباری لێ نزیک نییە، زۆربەی گەشتیارانی عەرەبیش حەزیان بە مەلەیە لە شوێنە گەشتیارییەکان کە پێشتر بەناچاری ڕێگەی دووریان دەبڕی بۆ گەیشتن بە ڕووبار و شوێنە سروشتییەکان، بۆیە ئێمە بیرمان لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی گەشتیاری هاوچەرخ بۆ مەلە کردەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پرۆژەکە ئەوەیە کە خێزانییە و هەموو ئەندامانی خێزان دەتوانن مەلە و یاری بکەن. ئەمیر دەڵێت: هەر ئەمەیە وایکردووە پرۆژەکەمان بکەوێتە پرۆگرامی گرووپە گەشتیارییەکان و هەر گەشتیارێک بەگروپ بێتە کوردستان سەردانی پرۆژەی ئەکوا تارین دەکات، بۆیە لە وەرزی گەشتیاریدا مانگانە 45 تاوەکو 60 گروپی گەشتیاری ڕوو لە پرۆژەکەمان دەکەن.
پرۆژەکەی ئەمیر هەلی کاری بۆ 300 کەس دابین کردووە، ئەمە جگە لەوەی بووەتە هۆی ڕاکێشانی سەرمایە بۆ کوردستان.
ئەمیر دەڵێت: بیرۆکەی فراوانکردنی پرۆژەکەمان هەیە، بەڵام نەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکی لە کوردستان بۆ پاڵپشتی دارایی بیرۆکەکان و ناسەقامگیری ئابووریی کوردستان و ڕۆتینیاتی حکومەت و ئەو باجە زۆرەی حکومەت وەریدەگرێ، ڕێگرن لەبەردەم ئێمە.
بەپێی ئاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری، ساڵی 2007 تاوەکو 2013 کەرتی گەشتیاری لە کوردستان بەردەوام لە گەشەدا بوو. ساڵی زێڕینی ئەم کەرتەش 2013 بووە کە دوو ملیۆن و 952 هەزار گەشتیار ڕوویان لە کوردستان کرد، بەڵام بەهۆی هێرشی داعش و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ناوچەکە و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، ژمارەی گەشتیاران زۆر کەمی کرد، بە جۆرێک ساڵی 2014 بەراود بە ساڵی 2013 بە ڕێژەی 48.2% کەمی کرد. ساڵی 2015 خراپترین ساڵ بوو بۆ کەرتی گەشتیاریی کوردستان کە تەنیا 782 هەزار گەشتیار ڕوویان تێکردبوو. بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا جۆرێک لە بووژانەوە لەو کەرتەدا دەبینرێ، ساڵی 2016 نزیکەی 1.6 ملیۆن گەشتیار و ساڵی ڕابردووش 2.1 ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بگاتە 2.5 ملیۆن کەس.
مەولەوی جەبار، سەرۆکی گشتیی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە (رووداو)ی گوت: لە 12 ساڵی ڕابردوودا تەنیا لەڕێگەی دەستەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی 6 ملیار و 779 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لەکەرتی گەشتیاری کراوە، ژمارەیەک پرۆژە دامەزراون کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە ڕاکێشانی سەرمایە بۆ کوردستان.
ژینگە و سروشتی هەرێمی کوردستان زۆر لەبارە بۆ وەبەرهێنان لەسێکتەری گەشتیاری و وەبەرهێنانیش لەو سێکتەرە پڕ قازانجە، بەڵام بەرپرسانی گەشتوگوزار دەڵێن لەبەر ئەوەی گەڕانەوەی سەرمایە لەم سێکتەرە کەمێک درێژخایەنە، بۆیە بەراورد بە سێکتەری پیشەسازی و نیشتەجێکردن، کەمتر سەرمایەگوزاری لەم سێکتەرە کراوە.
مەولەوی جەبار دەڵێت: ناوچەی گەشتیاری زۆر سەرنجڕاکێشمان هەیە کە هێشتا گەشتیاری بۆ نەچووە، بۆیە دەرفەتی وەبەرهێنان لەم کەرتە زۆر فراوانە، ئەگەر زەمینەسازی بۆ بکرێت دەبێتە سەرچاوەیەکی زۆر باشی داهات بۆ وڵات. مەولەوی جەبار گوتیشی: بۆ سەرمایەگوزاریی زیاتر لەو کەرتە پێویستە حکومەت ئاسانکاری زیاتر بۆ وەبەرهێنەران بکات و وەک هاندانیش پێشینەی تایبەت ببەخشێتە ئەو وەبەرهێنەرە بچووکانەی مەبەستیانە لەناوچە گەشتیارییە دوورەکان وەبەرهێنان بکەن.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەنجوومەنی گەشتوگوزاری جیهانی، ساڵی ڕابردوو کەرتی گەشتیاری بەرێژەی 10.4% بەشداری لەتێکڕای داهاتی جیهاندا کردووە کە دەکاتە نزیکەی 8 تریلیۆن دۆلار، خەرجی گەشتیارانی جیهانیش 1.49 تریلیۆن دۆلار بووە کە دەکاتە 6.5%ی تێکڕای بەهای هەناردەی جیهان، بەهەمانشێوە سێکتەری گەشتیاری بەڕێژەی 9.9% بەشداری لە تێکڕای بازاڕی کار لەجیهاندا کردووە و لەو ڕێگەیەوە زیاتر لە 313 ملیۆن هەلی کار ڕەخساوە.
مەولەوی جەبار دەڵێت: نازانین کەرتی گەشتیاری بەرێژەی چەند بەشدارە لە داهاتی نیشتمانی، بەڵام لەڕێگەی گەشەپێدانی ناوچە گەشتوگوزارییەکان و بەشداریمان لەکۆڕ و کونفرانسە هەرێمی و جیهانییەکان لەهەوڵی ئەوەداین سەرنجی زیاتری گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی و جیهان ڕابکێشین، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بگەین بەو ئامانجەی کەرتی گەشتیاری بە ڕێژەی 10% بەشداری داهاتی نیشتمانی بکات.[1]
#07-06-2018#