بەتوندی ئیدانەی تەقینەوە خوێناوییەکەی (مەدینە سەدر)ی بەغداد دەکەین، کە دوێنێ بەهۆی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبرێژکراوەوە ڕوویداو بەهۆیەوە (18) هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداو (90) تریش برینداربوون. هاوبەشی خەمی کەسوکاری قوربانیەکانین و هیوای چاکبوونەوەیش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئەم کردەوە تیرۆریستیە لە کاتێکدایە، عێراق لە بارودۆخێکی هەستیاردایە و هەوڵی جۆراوجۆر دەدرێ و پیلانی مەترسیداریش لە ئارادایە بۆ ئەوەی دۆخەکە بە ئاقاری ئالۆزی زیاتر بەرن. ڕێگەیش نادرێ، بە هێمنی و بەپێی دەستور، پەرلەمانی نوێ دەستبەکاربێت و ئەرکەکانی ڕابپەرێنێ و بە بەشداری هەموو لایەنەکان و بە سازانی نیشتمانیی فراوان کابینەی نوێ حکومەتی عێراق پێکبهێنرێت.
بێگومان ئەگەر بەزووترین کات کێشەکان چارەسەر نەکرێن و دۆخە هەروا بە هەڵپەسێردراوی و پڕ لە گومان بمێنێتەوە، بە دووری نازانین، ڕووداوی چاوەرواننەکراو ڕووبدات و دۆخەکە بتەقێتەوە، عێراق بۆ ماوەیەکی زۆر بخرێتە بنبەستی سیاسی و حوکمڕانیەوە.
ئەوەی ماییەی نیگەرانی قولی گەلەکەمانە، دەنگە تایبەتیەکان، کە دەنگی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و دژەتیرۆرو پۆلیس و هێزەکانی تری ناوخۆیە و قوربانیەکی زۆریان لە شەڕی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش داوە، جیا دەکرێنەوە لە هێزە چەکدارەکانی عێراق و دەنگەکانیان، کە دەنگی سەنگەری ڕاستەقینەی بەرگرییە لە عێراق و کوردستان، هەوڵدەدرێ بە ڕقی سیاسی و مەرامی نەخوازراو بەفیرۆ بدرێت.
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بۆ چارەسەری کێشەکان و ئارامکردنەوەی دۆخەکە داوا دەکات:
یەکەم/ دادگای دەستوری بە پەلە دادوەری خۆی لەسەر کۆی کێشە دەستوری و یاساییەکان و دەسەڵاتەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕابگەیەنێی.
دووەم/ هەموو لایەنە سیاسیەکان ئارامتر مامەلە لەگەڵ ڕووداوەکان بکەن. بەدڵنیاییەوە حیکمەتی مەرجەعی باڵای شیعەکان جەنابی سەماحەتی سیستانی، لەسەر چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشە دەستوری و یاساییەکان، خزمەتی ئارامکردنەوەی دۆخەکە دەکات.
سێ یەم/ چاوەروانین نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی دۆستی عێراق، هەوڵەکانیان بخەنەگەر بۆ یارمەتیدانی لایەنە سیاسیەکانی عێراق، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دەستوری و یاسایی ڕاستەقینە و دوور لە هەڵچوون و کاردانەوە.
چوارەم/ جەخت دەکەینەوە، کە لێتێگەیشتنی هێزە کوردستانیەکان بە ئەرکی گرنگ دەزانین، هێزو لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان وەکو نوێنەری نەتەوەیەکی ئازادیخواز بەشێک بین لە چارەسەر، نەک کێشەکانی ناوخۆمان قول بکەینەوه و بکەوینە نێو کێشمەکێشەکانەوە.
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#07-06-2018#