دواڕۆژ، #هانا چۆمانی#
بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی پڕۆژەی گەنجان ئاشکرایدەکات، نوسراویان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە کە ئەگەر ئەوان بڕیاربدەن ئامادەن پێدانی قەرزەکە دەستپیبکەنەوە، چونکە ئێستا سندوقەکە، نزیکەی 400 ملیۆن دیناری تێدایە کە هاوڵاتیان گەڕاندویانەتەوە.
ئارام محمەد، بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی پرۆژەکانی گەنجان لەوەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند هەموو ئامادەکارییەک کراوە و بەنوسراوی ڕەسمیش داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی دەست بکەینەوە بە پێدانی قەرزی بچوک بە گەنجان، چونکە بڕێک پارەی پێویستمان هەیە، دەتوانین پڕۆسەکە دەستپێبکەینەوە.
وتیشی ئێستا نزیکەی 400 ملیۆن دینار لە سندوقەکەدا هەیە کە لەلایەن ئەو کەسانەوە گەڕێنراوەتەوە کە پێشتر قەرزی بچوکیان وەرگرتبوو، بۆیە بە ئاسایی دەتوانین دەستبکەینەوە بە پێدانی قەرز بە گەنجان تا پرۆژەی پێدابمەزرێنن، بەڵام تائێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.
بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی پڕۆژەکانی گەنجان ڕونیکردەوە لەنوسراوەکانماندا بۆ دەستپێکردنەوەی قەرزەکە داوای هیچ بودجەیەک و بڕە پارەیەکمان نەکردوە، تەنیا ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی بدات ئەوا پرۆژەکە دەستپێدەکاتەوە.
ماوەی نزیکەی 3 ساڵە بەهۆی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە پێدانی قەرز و پێشینەکان بەهاوڵاتیان وەستاون و قەرزی بچوکیش یەکێک بوو لە پڕۆژەکانی حکومەت تایبەت بە گەنجان.[1]
#08-06-2018#