دواڕۆژ، #ڕێبین حەسەن#
سەرباری ئەوەی یەکێکە لە ناوچە سنوورییەکان و سەرڕێی کاری بازرگانییە، بەڵام تائێستا تەنیا لە 50%ی بەشێک لە پڕۆژەکانی ڕێگاوبانی قەزای #پێنجوێن# تەواوبووە و سەرۆکی شارەوانی قەزاکەش دەڵێت، تەواونەبوونی پڕۆژەکان زیانی زۆری گەیاندووە بەوانەشی کە نیوەیان تەواوبووە.
رەئوف ڕەشید، سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەهۆی بەردەوامی قەیرانی دارایی و تەرخاننەکردنی بودجە و پارەی پێویستەوە، لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایدا دەبوو بەشێکی زۆری پڕۆژەکان، کە زۆربەیان پەیوەندیان بە ڕێگاوبانەکانەوە هەیە تەواوبکرانایە.
وتیشی پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، زیاتر لە 12 ملیار دینار بۆ سنوورەکە تەرخانکرابوو، بەڵام لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا تاوەکو ئێستا بەشێک لە پڕۆژەکان تەنیا لە 50%یان تەواوبووە و بەهۆی خەرجنەکردنی پارەشەوە، کۆمپانیاکان کارەکانیان ڕاگرتووە و جێیانهێشتووە، به و هۆیەشەوە زیانێکی گەورە بەر کۆمپانیاکە و پڕۆژەکان و شارەکەشمان کەوتووە، چونکە ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریوە و ساڵانی تریش لەم قەیرانەدا زیان بە پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆکانی ناو پێنجوێنیش کەوتووە.
سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن جەختیشیکردەوە، بەهۆی جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکانەوە، زۆربەی ئه و شوێنانەی کە قیر و شۆستەکانمان کردون، بەڵام تەواونەکراون، زیان بە ئاو ئاوەڕۆیان گەیشتووە و بەوەش هاوڵاتی بێزاربووە و خۆیان هەوڵیانداوە ئاوەڕۆکانیان چارەسەربکەن و ئێمەش بە ئامێرەکانمان تەنیا هاوکاریمان کردوون.[1]
#08-06-2018#