بەهۆی کەمی بارانبارین لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بەرهەمی گەنم و جۆی ئەم ساڵ کەمیکردووە و لە دەوروبەری هەولێر جووتیاران دەڵێن، بنە تۆوەکەیان دەستنەکەوتووەتەوە.
لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم چێندراون، پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم بۆ ئەمساڵ بگاتە 800 هەزار تۆن، سەدرەدین 250 دۆنم زەوی بەگەنم داچاندبوو، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، دواکەوتنی باران نەیهێشتووە گەنمەکەی وەک ساڵانی ڕابردوو بەپیت بێت.
بۆ ئەمساڵ بەغدا لە سایلۆکانی مەخموور 128 هەزار تۆن، دهۆک 108 هەزار تۆن، هەولێر 100 هەزار تۆن، سلێمانی 80 هەزار تۆن، هەڵەبجە 18 هەزار تۆن و گەرمیانیش 17 هەزار تۆن گەنم وەردەگرێت، بڕیاریش وایە لە هەفتەی داهاتوو دەستبکرێت بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.
بۆ ئەمساڵ بەغدا 192 ملیار دیناری بۆ کڕینی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا 554 ملیار و 885 ملیۆن دینار پارەی سێ ساڵی گەنمی جوتیاران قەرزدارە.[1]
#08-06-2018#