کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
هێزی پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان
لەلای هەموو لایەک ئاشکرایە کەهێزی پێشمەرگەی کوردستان هەڵگیرسێنەری شۆڕشی گەلی کوردستانە و داینەمۆی بەردەوامی خەبات و بەرخۆدان بووە بەدرێژایی مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان.
هەر لەسەر دەستی ئەم هێزەدا داگیرکەر لەبەشێکی کوردستان وەدەرنرا و توانرا حکومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرێت، هەر ئەم هێزەش پارێزەری ئەم ئەزموونە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە لەبەرامبەر هەڕەشەی دوژمنان و پەلاماری تیرۆریستان.
لەکاتی سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعش و پەلامارەکانیان بۆ سەر کوردستان هەر زوو هێزی پێشمەرگە بووە قەڵغانی پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان لە تیرۆریستانی داعش و ئازادکردنەوەی ئەو ناوچە جێناکۆکانەی کە سوپای عێراق چۆڵیکردبوو کەوتبووە ژێرکۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعش هەر لە زوممارەوە تا نەفتخانە، لەو پێناوەشدا هەزاران فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون.
هەموو دونیا شاهیدی ڕۆڵی جوامێرانەی هێزی پێشمەرگەن لە شکاندنی ئەفسانەی داعش و پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی ناوچە جێناکۆکەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دژە تیرۆر کەشێکی ئارام و سەقامگیریان بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە و تەواوی هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە.
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان....
هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی دژە تیرۆر و ناوخۆ بەهەموو بەش و جۆرەکانییەوە، هێزێکی کاریگەرن بۆ چەسپاندنی یاسا و دەستور لەهەرێمی کوردستان، لە بەرامبەریشدا چاوەڕوانی هیچ پاداشت و سوپاسێک نیە بەڵام هەرگیز چاوەڕێ نەبووین کە گروپ و کەسانێک هەبن هەوڵی پەراوێزخستن و بێڕێزیی نواندن بن بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان.
رۆژی 6ی حوزەیرانی 2018 ڕۆژێکی پڕ شەرمەزارییە بۆ ئەوانەی لەناو حەرەمی پەرلەمانی عێراقەوە پیلانی پوچەڵکردنەوەی دەنگی تایبەتی کوردستانیان ڕاگەیاند، ئەو دەنگانەی کە دەنگی دلێری هێزی پێشمەرگە و دژە تیرۆر و هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆن، دەنگی ئەوانەن کە سەرچاوەی پاراستنی گەلی کوردستان و دابینکردنی ئارامی هەرێمی کوردستانن.
ئێمە لەکاتێکدا ملکەچی هەموو بڕیارێکی دەستوری و یاسایین کە بە یەکسانی لەخزمەتی هەموو پێکهاتەکانی گەل و نیشتماندا بێت لەهەمان کاتدا هەر بڕیار و پیلانێک ڕەتدەکەینەوە کە دەنگی دەیان هەزار ڕۆڵەی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری ئەم کوردستانە بێ مروەتانە پوچەڵ بکاتەوە و بکرێتە ئەجندای قین لەدڵان و ناحەزانی هێزی پێشمەرگە و پۆلیسی کوردستانەوە، بێڕێزیکردن بەرامبەر دەنگی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێڕێزیکردنە بەرامبەر خەبات و گیانبازی سەدان هەزار شەهید و هاوسەنگەرەکانیان، ئەم هەنگاوەش یاریکردنە بە ئاگرێک کە لەئەنجامدا پیلان و بەختی ئاژاوەگێڕان و زۆڵە کوردانی تیادا دەسوتێت و نەجەماوەری کوردستان لەخۆفرۆشان خۆشدەبێت و نە دوژمنانی گەلەکەمان پاداشتیان دەداتەوە.
فەرماندەیی هێزەکانی 70
#07-06-2018#