ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - #هەپەگە# ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەربارەی دوایین چالاکییەکانی گەریلا زانیاری دا:
هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید پیرۆز و شەهید ئاگری-دا، 6ی حوزەیران\16ی جۆزەردان لەسەر ڕێگەی جۆلەمێرگ - چەلێ لە دژی سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر چالاکییەکی بەرفرەوانیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا زۆر سەرباز کوژران:
لە ئەنجامی چالاکییەکانی بەرفرەوان لە جۆلەمێرگ 15 سەرباز کوژران
هێزەکانمان کاتژمێر 21:30 لە مەیدانی کانی ئۆرێی نێوان جۆلەمێرگ و چەلێ، لە دژی کاروانێکی سەربازیی داگیرکەران چالاکییەکیان ئەنجامدا. هێزەکانمان سەرەتا لە دژی ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی جۆری کیرپی کە لەنێو کاروانەکە بوو، چالاکییەکیان ئەنجامدا و ئۆتۆمبێلەکەیان بەتەواوی تێکشکاند. بەهۆی کاریگەری تەقینەوەکە، ئۆتۆمبێلەکانی دیکە کۆنتڕۆڵیان لەدەستدا و لە ڕێگە لایاندا. هێزەکانمان لە شوێنێکی نزیکەوە گورزیان لە هەموو ئۆتۆمبێلەکان دا. لەم چالاکییە بەرفرەوانەدا، 15 سەربازی دوژمن کوژران و زۆر سەربازیش بریندار بوون. هێزەکانی داگیرکەر لە دوای چالاکییەکە بە کۆپتەری جۆری کۆبرا بۆمبارانی دەوروبەریان کرد. هێزەکانی داگیرکەر کە لە هەرێمەکە دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد، بەیانیی 7ی حوزەیران\17ی جۆزەردان پاشماوەی ئۆتۆمبێلە تێکشکاوەکان و تەرمەکان و بریندارەکانی خۆیان گواستەوە. ئۆپەراسیۆن هەمان ڕۆژ بەبێ ئەنجام کۆتایی پێهات.
لە قابلجەوزێ 2 سەرباز کوژران و 4 کۆنترا بریندار بوون
سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر ماوەیەکە لە مەیدانی قابلجەوزێی سەر بە ئێلیح بە پشتیوانی یەکینە نهێنییەکان کەمین دادەنێت. هێزەکانمان ڕۆژی 4ی حوزەیران لە دەوروبەری گوندی سێبەنە چاودێریی یەکینەیەکی نهێنیی دوژمنیان کرد. دوای ماوەیەک، کاتژمێر 19:30 لەنزیکەوە لە یەکینەکەی دوژمنیان دا. لە ئەنجامدا 2 سەرباز کوژران و 4 کۆنترا (دژە گەریلا)ش بریندار بوون. هێزەکانی داگیرکەر لە دوای چالاکییەکە، دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
کۆنترایەک سزا درا
کەسێک بە ناوی موستەفا گونەر کە ماوەیەکی درێژە لەگەڵ هێزەکانی داگیرکەر کاری کۆنترا (دژە گەریلا) دەکات، 6ی حوزەیران کاتژمێر 23 لە مەیدانی دۆڵی ماسیرۆ-ی ناوچەی ئەلباکی وان لە لایەن هێزەکانمانەوە سزا درا.
بۆردومانی فڕۆکەجەنگییەکان
فڕۆکەجەنگییەکانی سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر، 7ی حوزەیران لەنێوان کاتژمێر 17:00 - 18:00 بۆردومانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایان کرد. فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیا دەوروبەری گوندی بێپالای هەرێمی قەندیل، دەوروبەری گردی کارکەر لە هەرێمی زاپ و هەرێمی خواکورکیان بۆردومان کرد. بەهۆی بۆردومانەکە لە هەرێمی خواکورک ئاگر کەوتەوە.[1]
#08-06-2018#