بەرێوبەری #بەنداوی دوکان#، ئاشکرایدەکات کۆماری ئیسلامی ئێران لەماوەی یەک چرکەدا زیاتر لە 56 مەتر سێجا ئاو بەردەداتەوە، لەکاتێکدا لە ڕابردوودا 140 مەتر سێجا ئاوی بەردەدایەوە.
مەحەمەد تاهیر، بەڕێوبەری بەنداوی دوکان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند سەرچاوەی ئاوی دەریاچەی دوکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان پشت بە ئاوی ڕووبارەکانی قەندیل و ناڵپارێزو ئیزۆپ و قەڵاچۆڵان و پێنجوێن و قەڵادزێ دەبەستێت، بەشە سەرەکییەکەی دیکەش لە هەردوو لقی ئاوی زێی بچوک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوبەری بەنداوی دوکان ئاشکراشیکرد لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو لە یەک چرکەدا زیاتر لە 140 مەتر سێجا لە ئاوی زێی بچوکەوە دەهاتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕێژەکە بووەتە 56 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا.
ڕوونیشیکردەوە، بەپێی بەرنامەی هاوینەی بەنداوی دوکان لە یەکی حوزەیرانەوە ڕۆژانە زیاتر لە 140 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە بەنداوی دوکان بۆ ناوەڕاست و خواری عێراق بەردەدرێتەوە، چونکە بەشێکی زۆری ئەم شوێنانە ئاوی خواردنەوەیان لەسەر ئەم دەریاچەیە.
وتیشی بەرنامەی بەردانەوەی ئاوی هاوینەی بەنداوی دوکان تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت، بەمەش ڕۆژانە سێ سانتیمەتر لە ئاوی دەریاچەی دوکان کەمدەکات.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە قەیرانی کەمبوونەوەی ئاو عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئەویش بەهۆی گرتنەوەی بەشێک لە ئاوی دیجله و زێی بچووک لە لایەن تورکیاو کۆماری ئیسلامی ئێران.[1]
#10-06-2018#