سەبارەت بەو تەزویر و ساختەکاریە ئابڕوبەرانەی هەندێ لایەنی سیاسی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار ئەنجامیاندا، کە بۆتە مایەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە عیراق و کوردستان، و ئەنجام پەرلەمانی عێراق بڕیاڕێکی پەسەند کرد بۆ هەژمارکردنەوەی دەنگەکان و چارەسەری کۆمەڵی تەزویر و ساختەکاری لە دەنگی هاوڵاتیان.
هاوپەیمانی دووپاتی دەکاتەوە، بەهەموو هێز و توانای خۆی، لەگەڵ لایەنە دیموکراتخوازەکان، بەرگری لە دەنگی ڕەوای هاوڵاتیان دەکات و ئەوەی پێویست بێت، لەچوارچێوەی ڕێکارە قانونیەکان، لەهەر کات و جێگەیەک بێت، بێ دوودڵی و بە ڕاشکاوی کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دەنگە دزراوانە دەکات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا بە پێویستی دەزانین بۆ ڕای گشتی ڕوونبکەینەوە کە:
1- هاوپەیمانی تا ئێستا تانەی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک نەداوە، چونکە بەپێی ڕێکارەکان، هێشتا موتابەقەی دەنگەکان لەو پارێزگایە نەکراون و تا ئێستا بەڵگە و دۆکیومێنتەکان لە کۆمیسیون وەرنەگیراوە. بەڵام ساختەکارەکان بەهۆی ئەو بەڵگەو دیکۆمێنتانەی کە لە لایەن کۆمسیۆنەوە دەرچوون، و کە دەیسەلمێنن بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی ئابڕووبەرانە تەزویر کراوە، بۆیە دەیانەوێت (پێش تا بەڕە بەخۆیان دابدەن) و ئەوەی لە سلێمانی لێیان قەوماوە بە فرمێسکی نیفاق و ڕیاکارانە بۆ کەرکووک پەردەپۆشی بکەن، بەڵام خەڵکی کوردستان دەزانێ نەوت دز و خاک فرۆشان، ئەوانەی کەرکووکیان لەدەستدا، ئابرووی بەرگری لە کەرکووک و پێشمەرگەیان نەماوە. کوردستانیبوونی کەرکووک بە ساختەکاری و دزی و باندی مافیایی و نەوتفرۆشی نابێت.
2- سەبارەت بە دەنگدانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکان؛ پێشمەرگە پیرۆزە و هێمای خەباتی گەلی کوردستانە. هاوپەیمانی هەرگیز داوای نەکردووە دەنگی پێشمەرگە و هیزەکانی ناوخۆ پووچەڵ بکرێتەوە و پێشنیازی واشی نەکردووە، پێچەوانەکەی ڕاستە ئێمە لەگەڵ ڕێزگرتنین لە دەنگ و پێگەی پێشمەرگە وهێزەکانی ناوخۆ و لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەڕێی گونجاوین بۆ هەژمارکردنی دەنگە ڕاستەقینەکانیان. سەرەڕای ئەوەی ساختەکاری لە دەنگدانی تایبەت کراوە، دەشزانین ژمارەیەکی بەرچاو دەنگیان بە هاوپەیمانی داوە. تەزویرکارەکان وەک چۆن لە ڕابردوو، بە بێباکی مامەڵەیان لەگەڵ پێشمەرگە کردووە، وەک چۆن بە هەرزان سەیری گیان و ژیانی پێشمەرگەو هاوسەرو منداڵەکانیان کردوە، لەم هەڵبژاردنەش هەر وایان کرد، بۆیە ساختەکاری و بێباکی لە دەنگی پێشمەرگە هۆکاری گومانکردن بووە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
وتەبێژی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری
#10-06-2018#