روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژێک بەناوی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک هەواڵی ناراست و نادروست لە هندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو کراونەتەوە سەبارەت بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.ئێمە لە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم سەرلەبەری هەواڵەکان ڕەت دەکەینەوە، و بە پێویستی دەزانین ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە بۆ خەلکی کوردستان:
1. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی یاسایی و فەرمییە، و لەدوای چۆڵبوونی پۆستی سەرۆکی هەرێم و جێگرەکەی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانیان، بەپێی ماددەی (دووەم) لە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بە سەر دامەزراوە دەستوریەکانی هەرێم ژمارە (2) ساڵی 2017، دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بەردەوامە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی و لەژێر سەرپەرشتی بەڕێز سەرۆکوەزیران کارەکانی خۆی ئەنجامدەدات.
2. بودجەی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان دیاریکراوە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی ڕۆژانەی دیوان. هەروەها ستاف و فەرمانبەرانی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم و فەرمانبەرانی نووسینگەکانی سەرۆک و جێگری سەرۆک میلاکی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمن و دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن و بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان مووچە وەردەگرن، و تەنها پۆستی سەرۆک و جێگری سەرۆکی هەرێم چۆڵبوون.
3. مووچەی سەرۆکی هەرێم و جێگرەکەی بەپێی یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010 دیاریکراوە. و لەدوای وازهێنانی بەڕێزان مەسعود بارزانی و کۆسرەت ڕەسول عەلی وەکو سەرۆک و جێگری سەرۆکی هەرێم لە پۆستەکانیان، هیچ مووچە و بودجەیەک بۆیان تەرخاننەکراوە.
4. سەبارەت بە ڕاوێژکارەکانی سەرۆکی هەرێم، لەگەڵ ڕێز و پێزانین بۆ ئه و ماوەیەی کە ئەرکەکانیان ئەنجامداوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کارەکانیان ڕاوێژکاری بووە و پەیوەست بوو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. بۆیە لەدوای چۆڵبوونی ئەم پۆستە، ئەرکی ئەم بەڕێزانە وەکو ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم کۆتاییهاتووە.
5. لە هەواڵەکاندا ئاماژە کراوە بە لێدوانی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی مووچەی سەرۆکی هەرێم و بودجەی سەرۆکایەتی هەرێم. ئێمە لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە ئه و زانیارییانە نادروستن و دوورن لە ڕاستییەوە. بۆیە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بە مافی خۆی دەزانێت داوای یاسایی تۆمار بکات بەرامبەر به و کەسانە.
#10-06-2018#