#ڕەشید سیوەیلی#
2010 [1]
دەسنووسی دابڕان
چلەی چل ساڵەی دەستبەردانت
بەسەرچوو..!
لێ گەرمی دەستم چل ساڵە زەمهەریری
دڵ جۆش دەدا..
بەر لەوادەی ئاوابوونت
بیرم نایە بێ لە ووشەی خۆشم دەوێی
بەزار ووشەیەکی ترم زانیبێ..!؛
چل ساڵە هەموو ڕۆژێ
دەمەو گزنگ ڕۆمانێکت بۆ دەگێڕمەوە
سبەینان بەدەم پەخشی بەیانەوە
ناوی پاڵەوانەکانت پێدەناسێنم
وەک چۆن ناوی دەنک بەدەنکی ملوانکەکەتم ناونابوو..
نیوەڕوان بەسەرهاتی لێوم بۆ لێوت دەگێڕمەوە..
وادەی عەسران هەر وەک ڕۆژە پەمەییەکان
سەرت دەنایە سەر ڕانم و تاڵ بەتاڵ بەدەستی خۆم
بە هەناسەم گرێم دەدان و پرچێکم بۆ دەهۆنیتەوە..؛
ئەو پرچانەت ڕەشماڵی گەرمیان و کوێستانی تەمەنمە..
بیرتە تا ئێوارە وەک یاڵی ئەسپەشێ
ڕاتدەوەشاندو دەتوت
وادەی باوەخوونە سیوەیلی
شەو پرچ ڕادەخەم بەدەم کردنەوەی
تاڵ بەتاڵی چیرۆکی ئامێزو ماچ و
پێکەنین و لانەو لانەت بۆ دەنووسمە..
ئای تاقە ئەستێرەکەم گەر دەزانی
شەو و خەوم لێبۆتە
ڕاژەنینی چرپەو سروەی جەستەی تۆ و
ئەمێستا هەموو شەوێ
بەدەم پەیڤی شیرینتەوە ڕۆژ دەکەمەوەو
دانە دانەو ڕێژنەیی بە ئەسرین
تەنهایی خۆم بۆ ئەستێرەکان دەگێڕمەوە..
نە تۆ دەنگ و
نە ئەستێرەیەک میوانمە.
ڕەشید سیوەیلی.