بەهۆی نەبوونی کارگە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەیان، ساڵانە بە هەزاران تۆن کارتۆن و پلاستیکی بەکارهاتوو لە کوردستانەوە بەنرخێکی زۆر کەم بە کارگەکانی تورکیا دەفرۆشرێن، بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانیش بە 10 بەرامبەری نرخی فرۆشتن، کارتۆن و پلاستیکی ئامادەکراو هاوردە دەکرێت.
بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە و دەستکەوتنی ماددەی خاو بە نرخی هەرزان، زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو گرنگی بەکۆکردنەوەی پاشماوە و کاڵای بەکارهاتوو بەگشتی و کارتۆن و پلاستیک بە تایبەتی دەدەن، لەرێگەی دووبارە بەکارهێنانەوەیان لە کارگەکان لەلایەک ژینگە پاک ڕادەگرن، لەلایەکی دیکەشەوە ڕێگە لە چوونە دەرەوەی پارەی وڵات بۆ هاوردەکردنی بەشێک لەو ماددە خاوانە دەگرن.
بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی کارگەی پێشکەوتوو بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەیان، ساڵانە بە هەزاران تۆن کارتۆن و پلاستیکی بەکارهاتوو بە نرخێکی زۆر هەرزان هەناردەی تورکیا دەکرێ.
بەپێی ئامارێک کە لە بەڕێوەبەراتی گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دراوەتە (رووداو)، لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی 42 مۆڵەتەوە ڕێگە بە هەناردەکردنی 431 هەزار تۆن کارتۆن و پلاستیک بۆ تورکیا دراوە.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی بە (رووداو)ی گوت: بەهۆی نەبوونی کارگە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەیان، ماوەی چەند ساڵێَکە ڕێگە بە هەناردەکردنی کارتۆن و پلاستیک بۆ تورکیا دەدەین، ئامانجیشمان ئەوەیە ژینگە بە پاکی ڕابگرین و هەناردەکردنی ئەم کاڵا بەکارهاتووانەش ببێتە داهات و دەستکەوت بۆ ئەو کەسانەی بە کۆکردنەوەی خەریکن.
لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر بە ماتۆرسکیل و ئۆتۆمبێل لە گەڕەک و شوێنە بازرگانییەکان بە کۆکردنەوەی کارتۆن و پلاستیکەوە خەریکن، دواتر بە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی کارتۆنی دەفرۆشنەوە، ئەوانیش کارتۆنەکان کەپس دەکەن و پلاستیکەکانیش دەهاڕن و بە بازرگانانی دەفرۆشنەوە.
سەباح خۆشناو، خاوەنی نووسینگەی خۆشناو بۆ کڕین و فرۆشتنی کارتۆن و پلاستیکی بەکارهاتوو لە شاری هەولێر کە مانگانە 50 تاوەکو 60 تۆن کارتۆن و پلاستیکی بەکارهاتوو دەکڕێتەوە و بە بازرگانانی دەفرۆشێتەوە، دەڵێت: ئێمە تۆنێک پلاستیکی بەکارهاتووی وەک سندووق و کەلوپەلی شکاوی ناوماڵ بە 160 تاوەکو 170 هەزار دینار دەکڕین، دوای هاڕین بە 210 دۆلار دەیفرۆشینەوە، تۆنێک پلاستیکی دەبەی ڕۆنی ئۆتۆمبێلیش بە 280 هەزار دینار دەکڕین و دوای هاڕین بە 370 دۆلار دەیفرۆشینەوە، ئەگەریش ڕەنگەکان بە جیاواز بهاڕین هەر تۆنێکی 20 دۆلار زیاترمان بۆ دەکات، بەهەمانشێوە لە بازاڕ تۆنێک کارتۆن بە 50 تاوەکو 60 هەزار دینار دەکڕین، دوای کەپسکردنی بە 65 تاوەکو 70 دۆلار دەیفرۆشینەوە.
بۆ مۆڵەتی هەناردەکردنی یەک تۆن کارتۆن و پلاستیک، وەزارەتی بازرگانی 105 دینار وەک کرێی خزمەتگوزاری لە بازرگانان وەردەگرێت. لەخاڵە سنوورییەکان بۆ هەناردەکردنی هەر تۆنێک کارتۆن و پلاستیک تەنیا 1000 دینار ڕەسمی گومرگ لە بازرگانان وەردەگیرێ، کەواتە حکومەت لە هەناردەکردنی هەر تۆنێک کارتۆن و پلاستیک تەنیا 1105 دیناری دەستدەکەوێ.
ئەرکان عەبدولجەبار مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دڵکی، بۆ هەناردەکردنی کارتۆن و پلاستیکی بەکارهاتوو، دەڵێ ساڵانە 15 تاوەکو 20 هەزار تۆن کارتۆنی بەکارهاتوو هەناردەی تورکیا دەکەم، ئەم بڕەش نزیکەی 70%ی لەشارەکانی عێراق دەکڕمەوەو ئەوی دیکەش لە نووسینگە و لەکارگەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکڕم.
ئەرکان تۆنێک کارتۆنی بەکارهاتوو بەگوێرەی نرخی بازاڕ بە 70 تاوەکو 75 دۆلار دەکڕێ و بە 100 تاوەکو 110 دۆلار بە کارگەکانی تورکیای دەفرۆشێتەوە. تۆنێک پلاستیکی بەکارهاتوو بە 210 دۆلار دەکڕێتەوە بە 250 دۆلار دەیفرۆشێتەوە، پلاستیکی دەبەی ڕۆنی ئۆتۆمبێلیش بە 370 دۆلار دەکڕێت و بە 422 دۆلار دەیفرۆشێتەوە.
ئەرکان دەڵێت: دابەزینی بەهای لیرە کاریگەری زۆری لەسەر بازاڕی فرۆشتنی کارتۆن و پلاستێکی بەکارهاتوو هەبووە. ساڵی ڕابردوو کارگەکانی تورکیا تونێک کارتۆنیان بە 210 دۆلار لەئێمە دەکڕییەوە، ئەمساڵ بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە تۆنێک کارتۆن بە 100 تاوەکو 110 دۆلار دەکڕنەوە.
لە عێراق هیچ کارگەیەکی دووبارە بەکارهێنانەوەی کارتۆنی بەکارهاتوو نییە، بۆیە سەرجەم ئەو کارتۆنانەی لەشارەکانی عێراق کۆدەکرێنەوە، هەناردەی تورکیا دەکرێن،کارگەکانی تورکیاش دووبارە دەیکەنەوە بەکارتۆن و بە کارگەکانی هەرێمی کوردستان و ناوخۆی تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا و چینی دەفرۆشن.
ئەرکان عەبدولجەبار دەڵێت کارگەکانی تورکیا یەک تۆن کارتۆن بە گوێرەی جۆر و کواڵیتییەکەی بە 500 تاوەکو 1000 دۆلار دەفرۆشنەوە، ئەم نرخەش نزیکەی 5 تاوەکو 10 بەرامبەر نرخی کارتۆنی بەکارهاتووە کە ئێمە پێیان دەفرۆشین.
بەهۆی نەبوونی کارگە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی، تەواوی ئەو کارتۆنانەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەکرێنەوە بازرگانان هەناردەی تورکیای دەکەن، بەڵام بەشێکی کەم لە پلاستیکی بەکارهاتوو لەلایەن هەندێ کارگەی بچووکی ناوخۆ بەکاردەهێنرێتەوە کە هەندێ پێویستیی پلاستیکی نێوماڵ و بۆڕی و زەرفی پلاستیکی لێ دروست دەکرێ.
لە شاری هەولێر 5 کارگەی دروستکردنی کارتۆن هەن، بەڵام هەموویان پشت بە بەرهەمی خاوی تورکیا دەبەستن و هیچیان توانای دووبارە بەکارهێنانی کارتۆنی کۆنیان نییە.
فەهمی کەریم کە خاوەنی کارگەیەکی دروستکردنی کارتۆنە، دەڵێت ساڵانە 360 تۆن کارتۆنی بەکارهاتووی کارگەکەی هەناردەی تورکیا دەکات و لەکارگەکانی تورکیاش ساڵانە 8 هەزار تۆن کارتۆنی خام هاوردە دەکات بۆ کارگەو کۆمپانیاکان کارتۆنی لێ دروست دەکات.
فەهمی گوتی ئێمە سەرەتا بیرمان لە دامەزراندنی کارگەیەک بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی کارتۆنی کۆن کردەوە، بەڵام دامەزراندنی کارگەیەکی پێشکەوتوو نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاری پێویستە، ئەم پارەیەش لە توانای ئێمەدا نییە، بەرهەمەکەشی لەوانەیە لێرە ساخ نەبێتەوە.
بەبڕوای فەهمی کەریم، دامەزراندنی کارگەی دووبارە بەکارهێنانەوەی کارتۆنی کۆن لە هەرێمی کوردستان زۆر پێویستە، دەبێتە هۆی ئەوەی پارەی وڵات نەچێتە دەرەوە و کارتۆنە بەکارهاتووەکانی ئێرەش لە تورکیا هەرزانفرۆشن نەکرێن، بەڵام وەک ئەو دەڵێت: بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە دەبێت حکومەت بێتە پێشەوە و بەهاوبەشیکردنی لە پرۆژەکە یان بەپێدانی قەرزی درێژخایەن، ڕێگە لە هاوردنی کارتۆن بگرێ، ئەگەرنا بەهۆی بەرهەمی هاوردەی تورکیا کارگەکە تووشی گرفتی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکەی دەبێت و سەرکەوتوو نابێت.[1]
#12-06-2018#