ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - #هەپەگە# ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد که گەریلاکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید پیرۆز و شەهید ئاگریدا، لە دژی سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر چەندین چالاکییان ئەنجامداوە.
چالاکی لە چەلێ
لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: (12ی حوزەیران\22ی جۆزەردان کاتژمێر 13:30، هێزەکانمان لە چەلێی جۆلەمێرگ لە گردی کورشینۆ و دۆڵی دەشتانێ لە دژی سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر چەند چالاکییەکیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکاندا گورز لە ڕەبایە و شوێنی حەوانەوەی دوژمن درا. تەواو ڕوون نەبوویەوە کە چەند سەرباز کوژران و بریندار بوون. لە دوای چالاکییەکان فڕۆکەجەنگییەکانی هێزەکانی داگیرکەر دەوروبەری گوندی بەدەهێ-یان بۆردومان کرد.)
چالاکی لە شەمزینان
له درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا ئاماژە بۆ چالاکیی گەریلاکان لە شەمزینان کراوە و ڕاگەیەندراوە: (13ی حوزەیران\23ی جۆزەردان کاتژمێر 15:00 هێزەکانمان لە شەمزینانی جۆلەمێرگ، لەنێوان گردی چەتا و گردی شەهید شەڤگەر، لە مەیدانی سەرەرۆ لە دژی یەکینەیەکی دوژمن چالاکییەکیان ئەنجامدا. ڕوون نەبوویەوە لەم چالاکییەدا چەند چەکداری هێزەکانی داگیرکەر کوژران و بریندار بوون.)
لە لێلیکان گورز لە داگیرکەران درا
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە دەستنیشانی کردووە: (ڕۆژی هەینی کاتژمێر 15:50 هێزەکانمان لە باشووری کوردستان، لە گردی لێلیکانی هەرێمی برادۆستی دەڤەری سیدەکان لە دژی سەربازانی دوژمن چالاکییەکیان ئەنجامدا. لەم چالاکییەدا گورزی سەرکەوتوانە لە ڕەبایەکانی دوژمن درا، بەڵام بەباشی ڕوون نەبوویەوە چەند سەرباز کوژران و بریندار بوون.)
ئۆپەراسیۆن لە جۆلەمێرگ
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا باس لەوە کراوە کە سوپای تورکیا ڕۆژی 6ی حوزەیران\16ی جۆزەردان لە جۆلەمێرگ، لە مەیدانەکانی دۆڵی مارینۆس، مەزا مارینۆس و کاتۆ مارینۆس دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کردووە. هێما بۆ ئەوەش کراوە ئۆپەراسیۆنەکە ڕۆژی 12ی حوزەیران\22ی جۆزەردان بەبێ ئەنجام کۆتایی پێهاتووە.[1]
#14-06-2018#