جوتیارانی شارۆچکەی #خورماتوو#، بەهۆی ئەوەی زۆر لەسەرەی وەرگرتنی گەنم دا دەمێننەوە بەزەرەر گەنمەکانیان دەدەن بە حکومەت، ئاماژەش بەوە دەکەن بۆ ئەوەی زوو گەنمەکانیان وەربگیریت دەبیت بەرتیل بدەن، بەڕێوبەری سایلۆکەش بێئاگایی خۆی لە وەرگرتنی بەرتیل لە جوتیاران نیشاندەدات.
بە بڕیاری حکومەتی عێراق، لە شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران لە سایلۆی تایبەت بە دانەوێڵە وەردەگیرێت، کە بڕی 560 هەزار بۆ هەر تەنێک دیاری کراوە، جوتیارانیش ناڕازین لە خاوی بەڕێوە چوونی وەرگرتنی گەنم لەلایەن حکومەتەوە.
هەر جوتیارێکی خورماتوو بۆ ئەوەی گەنمەکەی لێوەربگیرێت، پێویستە 15-20 ڕۆژ لەسەرەدا بمێنێتەوە، بۆ هەر شەوێک مانەوەش خاوەنی ئەو بارهەڵگرەی کەنمەکەی بۆ دەگوازێتەوە بڕی 50 هەزار دیناری لێوەردەگرێت، بەو هۆیەشەوە جوتیارەکە زەرەر دەکات لەو گەنمەی بە حکومەتی دەفرۆشێت.
مەریوان حەمید، کە جوتیارێکی کوردی دانیشتوی سنوری شارۆچکەی خورماتووە بە ڕۆژنیوزی وت: زیاتر لە 15 ڕۆژە لە ڕێزدا وەستاوم، لەبەر ئەوەی پارە نادەم بە لیژنەی سەرپەرشتیاری وەرگرتنی گەنم دەبێت لەسەرەدا بمێنمەوە، ئەگەر پارە بدەم بە یەک ڕۆژ بارە گەنمەکەم وەردەگرن.
عەزیز مەجید، جوتیارێکی دیکەی کوردی دانیشتوی شارۆچکەی خورماتووە، بە ڕۆژنیوزی وت:دوای نزیکەی 20 ڕۆژ لەچاوەڕێ کردن گەنمەکەمم فرۆشت بە سایلۆکەی خورماتوو، شەوی 50 هەزار دینارم دەدا بەو ئۆتۆمبیلەی بارە گەنمەکەمی تێدابوو، هەروەها هەر تەنێکی دە هەزارم دا بۆ گواستنەوە بۆ سایلۆکە، ئەو هەموو ڕۆژە چاوەڕێم کرد لەبەر ئەوەی بەرتیلم نەدا، ئەگەر 400 دۆلارم بە لیژنەی سایلۆکە بدایە، ئەوە زووتر لێییان وەردەگرتم
وتیشی: بە بڕیاری حکومەتی ناوەند بۆ تەنێک 560 هەزار دینار دیاریکراوە، بەڵام لە سایلۆکە بە بیانوی جیاجیا بۆ هەر تەنێک 530 هەزار بەجوتیار دەدەن، بە زەرە بەرهەمی ئەمساڵمان فرۆشت و جگە لە ماندوو بون هیچی ترمان بۆ نەمایەوە.
ئەندازیار عەقیل ئەحمەد، بەڕێوبەری سایلۆی وەرگرتنی گەنم لە خورماتوو، سەبارەت بە گلەیی جوتیاران بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە ڕۆژەکانی وەرگرتنی گەنممان دابەشکردووە، بۆ هەردوو شارۆچکەی خورماتوو و داقوق، هەر شارۆچکەیان سێ ڕۆژی بۆ دیاری کراوە لە هەفتەیەکدا و بۆ شارەدێی ئامرلی ش یەک ڕۆژ.
وتیشی: لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئەو دوو شارۆچکەیە قسەمانکردووە، بە پێی پلانێک هەر ڕۆژێک سەد سەیارەی بار کراو وەر دەگرین، بەڵام بەداخەوە جوتیارانی خورماتوو پابەندی بڕیارەکە نابن و بونەتە هۆی ئاڵۆز و دروستبوونی کێشە بۆیە خۆشیان درەنگ بارەکانیان وەدەگیرێت.
عەقیل ئەحمەد، بێئاگایی خۆی دەربڕیی لە وەرگرتنی بەرتیل لە جوتیاران لەلایەن کارمەندانی سایلۆکەوە و بەڵێنی دا کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات.[1]
#16-06-2018#