بانکە تورکییەکان بۆیان دەرکەوتووە ڕۆژە باشەکانیان خەریکە کۆتاییان دێت. قەبارەی قەرزی کۆمپانیا تورکییەکان لە بانکەکانی تورکیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا زیادیکردووە و بانکەکان ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە داواکاری نوێی کۆمپانیاکان بوونەتەوە کە داوای دووبارە ڕێکخستنەوەی قەرزەکانیان دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی حکومەتی تورکیا ئامادەنین دان بەوەدا بنێن کە کەڵەکەبوونی قەرزی کۆمپانیاکان بووەتە کێشەیەکی گەورەی ئابووری لەو وڵاتەدا. جەمیل ئەرتەم، گەورە ڕاوێژکاری ئابووری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕەتیکردەوە تورکیا کێشەی قەرزی کۆمپانیاکانی هەبێت.
ئەرتەم، ئەو کەسانەی کە باسی کێشەی قەرزی کۆمپانیاکانی تورکیا دەکەن بە ئاژاوەگێڕی ناوبردن و ڕایگەیاند، وەک پرسی تیرۆریزم ئەوانە بەنیازی شێواندنی ئابووری تورکیان.
ئەرتەم دەڵێت کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش قەرزێکی زۆریان لەسەر شانە، بەڵام هەندێ کەس بەئەنقەست باسی قەرزی کۆمپانیا تورکییەکان دەکەن.
بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندیی تورکیا، قەبارەی قەرزی کوتخایەنی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە بۆ 226 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە و قەرزەکان بە دراوی بیانین و لەبەر دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرە بەراورد بە دراوەکانی دیکە، دانەوەی ئەو قەرزانە بۆ کۆمپانیا تورکییەکان ئەستەم بووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاوبوونەتەوە، کۆمپانیا گەورەکانی تورکیا وەک گرووپی (یڵدز هۆڵدینگ) بەرهەمهێنەری چۆکلێتی (گۆدیڤا) و گرووپی (دۆگۆش) کە لەلایەن ملیاردێری تورک فەریت شاهەنگ خاوەندارییەتی دەکرێت، داوایان لە بانکەکانی تورکیا کردووە قەرزەکانیان بۆ ڕێکبخەنەوە کە قەبارەیان دەگاتە ملیارەها دۆلار.
بەپێی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانی وەک فێچ و موودیز، کەڵەکەبوونی قەرزی کۆمپانیا تورکییەکان هێمایەکی مەترسیدارە بۆ ئابووری ئەو وڵاتە.
لەدوای قەیرانی دارایی جیهان لە ساڵی 2008، بەهۆی سیاسەتەکانی بەخشینی پارەی ئاسان لەلایەن بانکەکانی ئەمریکاوە، سەرمایەیەکی زۆر لەو وڵاتەوە ڕووی لە وڵاتە گەشەسەندووەکانی وەک تورکیا کرد کە هەندێک لەو سەرمایانە وەک قەرز بە کۆمپانیا تورکییەکان دراون.[1]
#16-06-2018#