لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان نزیکەی 50 هەزار گەشتیار ڕوویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی #سلێمانی# و #هەڵەبجە# کردووە و بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی کاریگەریی زۆری هەبووە لە بووژانەوەی هۆتێل، مۆتێل، مارکێت، مۆڵ و ڕێستورانتەکانی ئەو پارێزگایە.
بەهۆی داخرانی ڕێگاکانی موسڵ-هەولێر و کەرکووک-هەولێر، بەشێکی زۆری ئەو گەشتیارانەی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای سلێمانی کردووە. هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا لە پارێزگای هەڵەبجە و دووکان لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین گەشتیاریان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە.
عەلی ڕەئووف بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: لە دوو ڕۆژی کۆتایی ڕەمەزان و دوو ڕۆژی یەکەمی جەژندا، نزیکە 50 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سنووری پارێزگای سلێمانی و سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی، لە ڕۆژانی جەژن پێنج لیژنەیان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران پێکهێناوە و تاوەکو ئێستا لە پارێزگای سلێمانی هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو تۆمار نەکراوە. بەگشتی هاتنی ئەو ژمارە زۆرە لە گەشتیاران بۆ سلێمانی بووتە هۆی بووژانەوەی هۆتێل، مۆتێل، مارکێت، مۆڵ و ڕێستورانتەکانی ئەو پارێزگایە.[1]
#17-06-2018#