پشووی جەژن جمەی خستووەتە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەجۆرێک تەواوی شوێنە گەشتیارییەکان پڕن له و گەشتیارانەی لە نێوەڕاست و باشووری عێراق لەڕێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە دێنە باشووری کوردستان.
هەرچەندە هێشتا ئاماری هاتنی گەشتیاران بۆ کوردستان دیارنییە، بەڵام هەزاران گەشتیار ڕۆژانی جەژنیان لە ناوچە گەشتیارییەکان بەڕێکرد، ئەمساڵیش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی زیاتری گەشتیاران، ناوچە گەشتیارییەکان نۆژەنکراونەتەوە و دیزاینی نوێی ئەو ناوچانە سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشێت، ناوچە گەشتیارییەکانیش دەیانەوێت بە نمایشی هونەری و چالاکی جیاواز دڵی گەشتیاران خۆشبکەن.
ئەحمەد موڕاد، بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان بە ڕووداوی ڕاگەیاند: هێنانی هەر گەشتیارێک لە بەغدا و شارەکانی عێراق بۆ ئێره، بۆ ماوەی 5 ڕۆژ 100 دۆلارە، خەرجی دیکەی جۆراوجۆریش خۆیان لەئەستۆی دەگرن، ئێمە لە 5 ڕۆژدا 35 ناوچەی گەشتیاری کوردستانیان پێدەکەین.
بۆ ئەمساڵ ناوچە گەشتیارییەکان بە دێزاینێکی نوێوە لە پێشوازی گەشتیاراندان و شوێنی حەوانەوە زیادکراون، ساڵی ڕابردوو 85 کۆمپانیا و ئەمساڵیش نزیکەی 100 کۆمپانیای گەشتیاریی عێراقی گەشتیار دێنن.
چیا سەرانی، بەڕێوەبەری بنکەی گەشتوگوزاری ڕواندز بە ڕووداوی ڕاگەیاند: بۆ ئەمساڵ ژمارەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان نزیکەی 100 دانەیە و ڕۆژانە 6 هەزار گەشتیار دێننە باشووری کوردستان.[1]
#17-06-2018#