ناونیشانی پەڕتووک: ماڵی ڕۆحەکان
ناوی نووسەر: ئیزابێل ئالێندی
ناوی وەرگێڕ: #تارا شێخ عوسمان#
وەرگێڕان لە زمانی: ئینگلیزی
دەزگای پەخش: #دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم#
لە ڕۆمانی (ماڵی ڕۆحەکان) دا، خوێنەر بەر دوو جۆر ئاست لە چێژ و تێگەیشتن دەکەوێت، ئاستێک لە سەتحییەتی چێژەوە دەتبات بەرەوقوڵایی، کە ئەمە لە ڕۆح و سرووشتی کاراکتەرە سەرکێشەکانییەوە بەرجەستە دەبێت، ئاستەکەی تر ئەوەیە لە تێگەیشتنی ڕووکەشگەراوە دوورت دەخاتەوە بۆ ناسین، ناسینی خود قۆناغێک لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژوو، کە سیخناخە لە کێشمەکێش و بەریەککەوتن و ڕووبەڕووبوونەوە و حیکایەت و بەسەرهاتی جۆراوجۆر و ڕووداوگەلی سەیروسەمەرە و فرە ڕەهەندی وا کە مەگەر تەنها لە خەیاڵی داهێنەرانەی (ئەلێندی)دا جێگەی بێتەوە، بێگومان ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە ڕووداوگەلە واقیعییەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە خۆی لە نزیکەوە لە ناویاندا ژیاوە و شاهید و بینەر و بیسەریان بووە.
ڕۆمانی ماڵی ڕۆحەکان، یەکێکی ترە لە شاکارە مەزنەکانی ژنە ڕۆماننووسی چیللی (ئیزابێل ئالێندی) و لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن خانمە وەرگێڕی بە سەلیقە (تارا شێخ عوسمان)ەوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
ئیزابێل ئالێندی لەو نووسەرە ناودارانەیە کە بە شێوازی واقیعی سیحری دەنووسێت، هەرچەندە خۆی نکوڵیی لەوەدەکات، ئەو بە تەکنیکێکی بەرز و جیاواز خوێنەر ڕۆدەباتە نێو ڕووداوە سەرنجڕاکێش و دراماتیکییەکانەوە، ئەو لە پای بەرهەمە زۆر و فرە چەشنەکانی، تاکو ئێستا چەندین خەڵاتی ئەدەبیی گرنگی پێ دراوە و چەند جارێکیش پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی، ڕۆمانی ماڵی ڕۆحەکان ساڵی 1982 نووسراوە و یازدە ساڵ پاش دەرچوونی ڕۆمانەکە کراوە بە فیلم و لە سینەماکانی جیهاندا نمایش کراوە.
بە گشتی ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەیەکی جوان و سیحریی زەمەنی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیە، ڕووداوەکان لە شارێکی بێ ناودا ڕوودەدەن لە ئەمریکای باشوور، باس لە چارەنووسی بەد و ژیانی پڕ لە کێشمانکێش و سەیروسەمەرە و پڕ لە ڕووداوی یەکبەدوای یەکی خێزانێک دەکات بە ناوی (سیڤرۆ دلباییە) کلارا یەکێکە لە کچەکانی ئەو خێزانە، کلارا هەر لە سەرەتای منداڵییەوە خاوەن توانا و هێزێکی بێسنوور و ناسرووشتییە، بەوەی کە توانای پێشبینی کردنی هەیە بۆ ڕووداوەکانی داهاتوو، وەک پێشبینی بۆ بوومەلەرزە و مردن و... هتد، ئەو خاوەنی بونیادێکی ڕۆحیی بەهێزە و لە ڕێگەی هێزە ڕۆحییەکانیەوە چارەنووس و پێشهاتەکان دەخوێنێتەوە، بەڵام لە کاتی مردنی ڕۆزای خوشکیدا ئەم کیژۆڵەیە تووشی نەخۆشییەکی سەیر دەبێت، ئەویش ئەوەیە کە توانای قسەکردنی نامێنێت و لە بێدەنگیدا دەژی، پاش نزیکەی نۆ ساڵ لە بێدەنگی و دوورەپەرێزی یەکەمین وشە کە خێزانەکەی لە دەمی ئەوەوە دەیبیستن ئەوەیە کە دەڵێت (من شوو دەکەم) دواتر شوو بە ئیستیبان دەکات کە پێشتر دەزگیرانی خوشکە کۆچکردووەکەی بوو، ئەوە یەکێک بوو لە پێشبینییەکانی و دواتریش ڕاست دەرچوو.
(ئیستبیان ترۆیبا) پاش چەندین ساڵ لە سەرهەڵگرتنی بۆ گوندێکی دوورەدەست و دوورکەوتنەوەی لە ژیانی شار و جێهشتنی خوشکە گەورەکەی و دایکە نەخۆشەکەی، هەواڵی بۆ دەنێرن کە بێتەوە بۆ شار بۆ ئەوەی پێش مردنی دایکە پیر و کەساسەکەی بیبینێ و بۆ دواجار ماڵئاوایی لێ بکات، ئیستبیان لە دوای مردنی دایکی و پێش ئەوەی بڕواتەوە بۆ گوندەکە، سەردانی ماڵی خەزوورە کۆنەکەی دەکات و لەوێ کلارا دەبینێت و عاشقی دەبێت، ڕێوڕەسمی هاوسەرگیرییەکەیان زوو تەواو دەبێت، چونکە ئێستا ئیدی ئیستبیان کەسێکی دەوڵەمەندە و موڵکێکی زۆری هەیە لە گوند، کلارا و ئیستبیان لە ژیانی پڕ لە گیروگرفت و حیکایەتی غەمگینی خۆیاندا، کە مردن و تەنیایی و بێدەنگی کۆتایی دێت، سێ منداڵیان دەبێت، سێ منداڵی سەیر و سرووشت جیاواز، کە هەریەکەیان مەیلی بۆ شتێک هەیە لە ژیاندا.
ڕۆمانی ماڵی ڕۆحەکان، وێنای قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووییمان بۆ دەکات، قۆناغێکی پڕ لە ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و چینایەتی و فیکری و پێگە و فەرهەنگ و کەسایەتی جیاجیا، باس لە بەریەککەوتنی هێز و مەیلە ئایدۆلۆژییە دژ بە یەکەکان دەکات لەسەر بردنەوەی گرەوی هەڵبژاردن و سەپاندنی بیروباوەڕی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا، ئەمە لە کاتێکدایە کۆمەڵگە بە دەست دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرەوە تووشی هەزار و یەک دەردی کوشندە بووە، لە لایەکەوە پریشکی ئاگری جەنگی جیهانی خەریکە دنیا دەگرێتەوە، لە لایەکی دیکەوە برسێتی و هەژاری و بێکاری و نەخوێندەواری و دواکەوتوویی وەک درم و پەتا ڕۆچووەتە نێو خوێنی تاکەکانەوە و ژیانیانی کردووە بە دۆزەخ، دەسەڵات و دەستوپێوەندەکانی لە ڕێی بەکارهێنانی هێز و توندوتیژییەوە دەیانەوێت بەر بە ناڕەزایەتی فراوانی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی بەرانبەر بە دۆخە نەخوازراوەکە بگرن و بێدەنگیان بکەن، جگە لە بەکارهێنانی هێز، لە هەوڵی ئەوەشدان کلێسا و پیاوانی ئایینی بە لای خۆیاندا ڕابکێشن و وایان لێ بکەن گوتارە ئایینییەکانیان لە بەرژەوەندی دەسەڵات و پێگەی دیکتاتۆرییەتدا بێت.
لەنێو جەرگەی ئەم کێشمەکێشە هەمە لایەنانەدا، بیری سۆسیالستیی بەلشەفیکان دزەی کردووەتە نێو وڵاتەوە، بە تایبەت نەوەی گەنجان و ڕۆشنبیران و خوێندکارانی زانکۆ پێشڕەویی ئەم ئایدۆلۆژییە نوێیە دەکەن کە هاتووە بۆ ڕزگارکردنی هەژاران و بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، پێشووتر هەر هەڵبژاردنێک کرابێت بە بەرژەوەندی حزبی دەسەڵات و دیکتاتۆر کۆتایی هاتووە و هیچ ڕکابەرێکیان نەبووە، وەک کلارا دەڵێت هەمیشە ئەوانە دەیبەنەوە کە پێشتر بردوویانەتەوە..!.
سەرەنجامی دواین هەڵبژاردن بە بردنەوەی کۆمونیستەکان کۆتایی هات، هەموان چاوەڕێ بوون لە سایەی بیری بەلشەفیکیدا خۆری یەکسانی هەڵبێت و ئارامی و بەختەوەریی باڵ بکێشیت بەسەر وڵاتدا، بەڵام هەر لەسەرەتای دەسەڵاتدارێتی سۆسیالیستەکانەوە، کاتێ زەوییە داگیرکراوەکان وەردەگرنەوە و دەیدەنەوە بە جوتیارەکان، ئیدی هەندێک لە چینە لە ڕووی ئابوورییەوە باڵادەستەکە دەزانن کە موڵک و سامانیان لەژێر هەڕەشەی یەکسانیدایە، دەکەونە پلاندانان بۆ کودەتای سەربازی بەسەر حکومەتی تازە پێکهاتووی سۆسیالستیدا، بێگومان ئیستبیانی مێردی کلارا، سەر بە چینە ئابوورییە بەرزەکەیە و یەکەمین کۆبوونەوەی پلاندانان لە گوندی ترێس ماریاسا، ئەو شوێنەی موڵک و سامانەکەی لێیە بەڕێوە دەچێت.
ئیستبیانی کە سەرەکیترین و دەرکەوتووترین کاراکتەری نێو ئەم ڕۆمانەیە، هۆشیارییەکی بەرزی چینایەتی هەیە و یەکێکە لە پارێزەرانی سیستمی ناعەدالەتی و لە دژی کۆمونیستەکان دەچێتە ناو کایەی سیاسییەوە، کەسێکە بە سرووشتی خۆی و چینەکەی پڕە لە هەڵچوون و تووڕەیی، دەستێکی بالای هەیە لە وێرانکردن و شکاندنی شتەکاندا، درکی ئەوە دەکات کە ئەگەر سۆسیالستەکان لە دەسەڵاتدا بن، سەمایە و بەرژەوەندی خۆی و چینەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە، دواجار بە خۆی و سەرمایەکەیەوە دەبێت بە بەشێک لە پڕۆسەی کودەتا سەربازییەکە و هەزاران کەس دەکوژرێن و زیندانی دەکرێن، ئیستبیان بێئاگایە لەوەی دواجار منداڵەکانی و نەوەکەی خۆیشی دەبنە سەرەکیترین قوربانیی پلانی کودەتاکە و خۆیشی پاش ئەوەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەبێت بە ئەندامی کۆنگرێس، کاتێک دەیەوێت چارەنووسی نەوەکەی کە لەلایەن کودەتاچییەکانەوە گیراوە بزانێت، هیچ کام لە هاوڕێ کۆنەکانی ئامادە نین هاوکاری بکەن، دواجار لە ڕێی ژنێکی لەشفرۆشەوە کە پەنای بۆ دەبات و لێی دەپاڕێتەوە (ئاڵبا)ی کچەزای بە تێکشکاوی و ئەتککراوی ئازاد دەکرێت.
ئیستبیان کاتێک دایکی و خوشکەکەی جێدەهێڵێت و دەچێت بۆ گوندەکە، وەک سەرۆک و گەورەی خەڵکە جوتیار و هەژار و نەخوێندەوارەکە ڕەفتار دەکات، ئا لەو کاتەدا ئیستبیان هەر کچێکی بە دڵ بێت بە تۆپزی سێکسی لەگەڵ دەکات و نەوەی(ناشەرعی) دەخاتەوە، پاش ئەو هەموو ڕووداوە سیاسی و بەریەککەوتنە توندوتیژیانە، نەوەی یەکێک لەوانەی کە ئەم وەک زۆڵ خسوویەتیەوە، دەبێت بە پۆلیسێکی دەستڕۆیشتووی قۆناغی دوای کودەتا سەربازییەکە و هەمان ڕەفتار لەگەڵ نەوەکەی ئیستبیاندا دەکات، ئاخر کاتێک کچەزاکەی لە زیندان دێتەوە دەرەوە منداڵێکی زۆڵ لە سکیدایە، بێگومان ئیستیبان گارسیا کە خۆی قوربانی هەوەسە سێکسییەکانی ئیستبیان بووە لە گوندەکەدا و بە زۆڵی و بێ خاوەن لەدایک بووە، سکی کچەزاکەی پڕ کردووە.
ئەمە بەشێکە لە ڕووداوە سەیر و سەرنجڕاکێشەکانی ڕۆمانی (ماڵی ڕۆحەکان) ڕۆمانێک کە لەسەر یەک تێما و یەک بابەت و ڕووداو ناوەستێت و خوێنەر بەنێو توناوتوونی ڕووداوگەل و گێڕانەوەی جۆراوجۆردا پەلکێش دەکات، ماڵی ڕۆحەکان بە کوردی دەستکەوتکی گەورەی پەڕتووکخانەی کوردییە و شانازییەکەی بەر خاتوو تارا و دەزگای سەردەم دەکەوێت، بێگومان ئێمە پێشتر چەند هەوڵێکی دیکەی تارا شێخ عوسمانمان لە بواری وەرگێڕانی ئەدەبیدا خوێندووەتەوە و دەزانین کە متمانەی خوێنەره وشیار و بەئاگاکانی بەدەستهێناوە، بەڵام ئاستی زمانپاراوی و باگراوندی ڕۆشنبیری و سەلیقەی ئەم خانمە وەرگێڕە، لە ماڵی ڕۆحەکاندا چووتە ئاستێکی بەرزتر.[1]