دواڕۆژ، #کۆچەر عەلی#
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هاتنی گەشتیاران لە شارەکانی خوارووی عێراق بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم، ئەمساڵ جیاوازە و بەراورد بە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوو ژمارەیان زیادی کردووە.
لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردووی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا لە بازگەکانی موسڵ- کانی بزرە، مەخمور، گوێر کە بەره و هەولێر دێن سەدان ئۆتۆمبێلی گەشتیاری دەبینران و بە هەزاران هاووڵاتی عەرەب لە پارێزگاکانی عێراقەوە بەره و ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەهاتن.
تایبەتمەندی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان وایکردووە سەرنجی گەشتیارانی عەرەب بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و وەرزی گەرماش یەکێکە لە هۆکارەکانی زۆری هاتنی گەشتیاران لە شارەکانی خوارووی عێراقەوە.
بەپێی ئامارێکی ڕەسمی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوودا 150 هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام وتەبێژی دەستەکە پێیوایە ئەمساڵ لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا هاتنی گەشتیاران ڕووی لە زیادبوون کردوە.
زاگرۆس جەبار، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیاری بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ساڵانە پێش جەژن لەگەڵ کۆمپانیاکانی خوارووی عێراق ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیارانی عەرەب دەکەن بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمساڵیش ئامادەکاری باشکراوە بۆ هێنانی گەشتیارانی خوارووی عێراق.
ئه و خاوەن کۆمپانیای گەشتیارییە وتیشی گواستنەوەی هەر گەشتیارێک لە شارەکانی خوارووی عێراق بۆ ناوچە گەشتیاریەکانی هەرێم بۆ هەرسێ ڕۆژی جەژن بڕی 100 دۆلاری لێوەردەگیرێت و ئه و چەند ڕۆژەشی دەمێنێتەوە تێچووی خەرجییەکان لەسەر خودی گەشتیارەکە خۆی دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی گەشتیاران کە دێنە هەرێمی کوردستان حەز دەکەن سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان ببینن، بۆیە لەماوەی ئه و سێ ڕۆژەی جەژندا گەشتیاران دەبرێنە 30 شوێنی گەشتیاری لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک.
ئەوەی دانیشتووانی شارەکانی خوارووی عێراقی والێکردووە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێم بکەن، جوانی سروشت و فێنکی شوێنە گەشتیارییەکانە، هاووڵاتیەکی عەرەبی دانیشتووی پارێزگای بەغدا دەڵێت شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان جگە لەوەی دیمەنەکانی زۆرجوانن، کەشوهەواکەشی زۆر فێنک و دڵگیرە.
سەلوا عەمار، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ئەوان بە خێزانی لە بەغداوە هاتوونەتە هەولێر و لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی چەندین شوێنی گەشتیارییان کردووە و کوردستان کەشوهەوایەکی زۆر خۆش و فێنکی هەیە و پلەکانی گەرماش نزمترە لە پلەکانی گەرمای بەغدا کە ئەوە بە لای ئێمەوە زۆر جێی خۆشحاڵییە.
لەبارەی خەرجییەکانیان له و چەند ڕۆژەی لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، ئه و گەشتیارە عەرەبە وتی جگە لە کرێی ئۆتۆمبێل لە ماوەی ئه و چوار ڕۆژەدا بۆ هەر کەسێک زیاتر لە 250 دۆلار خەرجیمان هەیە.
لای خۆشییەوە نادر ڕوستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەکە بەرزتردەبێتەوە و ئه و گەشتیارانەشی کە دێنە هەرێمی کوردستان زیاتر دانیشتووانی خوارووی عێراقن.
وتیشی ژمارەی گەشتیاران بەراورد بە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوو ڕووی لە زیادبوون کردووە، چونکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017، دەستەی گەشتوگوزار گرێبەستی لەگەڵ 120 کۆمپانیای گەشتیاری ئەنجامدا بۆ ئەوەی گەشتیار بێنن بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی وت بەپێی ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو، تێچووی خەرجی هەر گەشتیارێک 300 دۆلار بووە، بۆ ئەمساڵیش هەر گەشتیارێک بڕی 300 دۆلار خەرجی هەبووە ئەوەش وا دەکات کەرتی ئابووری زیاتر بوژانەوە بەخۆیەوە ببینێت.
ئه و بەرپرسەی دەستەی گەشتوگوزار ڕونیشیکردەوە، ئەمساڵ 100 کۆمپانیای گەشتیاری گەشتیار لە شارەکانی خوارووی عێراق گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان دێنن و بەپێی ئه و ئامارانەی دەگاتە دەستیان هاتنی گەشتیاران ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ چەند ڕۆژێک پێش جەژن و لەڕۆژانی جەژن و چەند ڕۆژێکیش دوای جەژن ڕێژەی هاتنی گەشتیار بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاماری تەواوی هاتنی گەشتیاران نەگەیشتوەتە دەستیان.[1]
#18-06-2018#