دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێ شەممە لە سایلۆی سەیدسادق لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقییەوە دەستکرا بە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم و بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردووش کەمترین جوتیار گەنمەکانیان دەهێنن بۆ سایلۆ.
بەختیار عیزەت، بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق بۆ دواڕۆژی ووتی لە ئەمڕۆوە لە سایلۆی سەیدسادق دەستمانکردووە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی بازرگانی عێراقی ئاگاداریکردین، کە بە گوێرەی چەند ڕێنماییەک دەستبکەین بە وەرگرت گەنم، بۆ ئه و مەبەستەش بۆ ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە سێ جۆر نرخ دیاریکراوە.
رونیشیکردەوە، گەنمی پلە یەک کیلۆی بە 560 دینار و گەنمی پلە دوو بە 480 دینارو پلە سێش بە 420 دینار وەردەگیرێت، هاوکات بۆ ئەمساڵ حکومەتی عێراقی بڕیاریداوە بڕی 323 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت، له و ژمارەیەش بڕی 80 هەزار تەنی بۆ هەریەکە لە سایلۆکانی پیرەمەگرون و ڕانییە و سەیدسادق دیاریکراوە، کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە و تەنها سایلۆی سەیدسادق توانای وەرگرتنی 40 هەزار تەن گەنمی هەیە.
بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق ئەوەشی خستەڕوو، لەساڵی ڕابردوودا چوار هەزار و 189 تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیرا، ئەمساڵیش بەهۆی ئەوەی درەنگتر دەستکراوە بە وەرگرتنی گەنم و هەروەها بەشێکی زۆری جوتیاران گەنمەکانیان بە نرخێکی هەرزانتر فرۆشتووە بە بازرگانەکان پێناچێت وەک ساڵانی ڕابردوو سایلۆکە زۆر قەرەباڵغی پێوە دیار بێت.
مەحمود حەمەکەریم، یەکێک لە جوتیارانی دەشتی شارەزوور بە دواڕۆژی وت: بەهۆی ئەوەی متمانە نەماوە لە نێوان جوتیاران و حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی بۆ پێدانی پارەی گەنمەکانمان، ئەمساڵ کەمترین جوتیار گەنم ڕادەستی سایلۆ دەکەن، چونکە جیاوازییەکی زۆر دەکرێت لە نێوان جوتیارانی هەرێم و جوتیارانی پارێزگاکانی دیکە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە، ئەمەش وایکردووە جوتیاران بە نرخێکی هەرزانتر گەنمەکانیان بدەنە بازرگانەکان و چاوەڕێی حکومەت نەکەن لێیان بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، من و سەدان جوتیاری دیکەی سنورەکە تا ئێستاش پارەی گەنمی ساڵی 2014 مان وەرنەگرتووە، کە ئەمەش دواجار هەر بە زیانی جوتیاران دەشکێتەوە، هاوکات تا ئێستا بڕی 31 ملیار دینار پارەی گەنمی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 ی جوتیارانی سنوری دەشتی شارەزوور لای حکومەتی عێراقی ماوە و هێشتا خەرج نەکراوە.[1]
#19-06-2018#