بۆ هەڵبژاردن لە 24ی حوزەیران/ 3 ی پووشپەڕ، بۆ 3 ملیۆن دەنگدەر لە تاراوگە، لە 60 وڵات 559 سندوقی دەنگدان دانران. لە هەر سێ وڵاتەکانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا، پرۆسەی دەنگدان 13 ڕۆژ بەردەوام بوو.
پێشبینی دەکرێت کە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەربارەی ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە پرۆسەی دەنگداندا لە تاراوگە، زانیاریی فەرمیی بڵاوبکاتەوە. بەڵام بە گوێرەی زانیاریە نافەرمیەکان ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا لەسەدا 48.78 بووە. بەو پێێەش لە کۆی 3 ملیۆن و 47 هەزار و 323 دەنگدەر لە تاراوگە، تەنها ملیۆنێک و 486 هەزار و 408 دەنگدەر بەشداریان لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا کردووە.
بە بەراوردیش بە ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە ڕیفراندۆم کە لە 16ی نیسان/26ی بانەمەڕ ساڵی 2017 و هەڵبژاردنی گشتیی لە 1 ی تەشرینی دوویەم/11ی سەرماوەز ساڵی 2015، ڕێژەی بەشداری دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا زیادیکردووە. ئەو ڕێژەیەی سەرەوە کە ئاماژەمان بۆ کردووە، دەریدەخات کە ڕێژەی بەشداری دەنگدەر لە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیراندا زیادیکردووە. لە هەڵبژاردنی 1 ی تەشرینی دوویەمدا لە کۆی 2 ملیۆن و 899 هەزار و 69 دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات، تەنها ملیۆنێک و 300 هەزار کەس دەنگی خۆیان دابوو. بەوەش ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا لەسەدا 40 بوو.
لە باڵوێزخانە و نوێنەرایەتیەکان لە وڵاتانی تاراوگە ملیۆنێک و 357 هەزار و 676 دەنگدەر بەشداریان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە و دەنگی خۆیان داوە. هەروەها لە دەروازە سنوریەکانی گومرگیش کە پرۆسەی دەنگدان هەتا 24ی حوزەیران کاتژمێر 5 ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، تا ئێستا 128 هەزار و 732 کەس دەنگی خۆیان داوە.
دەسەڵاتداریەتی ئاکەپە بە تایبەتیی لە ئەڵمانیا و زۆر شوێنی تر، فرتوفێڵی ئەنجام دا. هەروەها جگە لە کونسولخانە و نوێنەرایەتیەکان، ژمارەیەکی زۆر لە مزگەوتەکانیش بۆ ئەردۆغان و ئاکەپە بانگەشەیان دەکرد و کاریان بۆ دەکردن. هەروەها ئاکەپە لەبەردەم زۆرێک لە ناوەندەکانی هەڵبژاردن و دەنگداندا، بە ناوی دیاریەوە دەستی بە کڕینی دەنگەکان کرد.[1]
#20-06-2018#