دواڕۆژ، #کۆچەر عەلی#
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت، لە ڕۆژانی جەژن زیاتر لە 13 هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانە گشتییەکانیان کردووەو ئاماژەش بەوەدەکات, بەبەراورد بە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکان و سەردانی نەخۆش کەمتر بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی حوزەیرانی2018, فاخیر کرمانجی, بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی خستەڕوو و ڕایگەیاند لە هەر سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا 13 هەزارو 487 کەس سەردانی نەخۆشخانە گشتییەکانیان کردووە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر وتیشی بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ 84 هاوڵاتی بریندار بوون و لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان بۆ کراوەو بریندار بوونیش بەئامێری سارد 30 حاڵەت هەبووە.
فاخیر کرمانجی ئاماژەی بەوەشکرد, لە هەر سێ ڕۆژی جەژن 126 حاڵەتی لە دایکبوون تۆمار کراوە لەوانە 81 یان کچ بوون و 45 یشیان کوڕ بوون و پێنج منداڵیش کە بە نائاسایی لەدایکبوون، گیانیان لە دەستداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕۆژانی جەژندا هیچ حاڵەتێکی سوتانی گەورە نەبووە تەنها سێ حاڵەتی سوتانی بچوک هەبووە ئەویش چارەسەر کراوەو هیچ ڕووداوێکی گەورەش تۆمار نەکراوە.
روونیشیکردەوە, 2 هەزارو 500 کەس سەردانی نۆرینگە دەرەکییەکانیان کردووە لە هیچ نەخۆشخانیەکیش گیان لە دەستدانی نائاسایی نەبووە.[1]
#19-06-2018#