حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، پەنابەر و ئاوارەکانی هەرێم ڕێژەی دانیشتوانیان بە ڕێژەی 32% زیادکردووە و تێچووی ساڵانەی ئه و ئاوارە و پەنابەرانەش دوو ملیار دۆلارە.
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکیدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەران ڕایگەیاندوە ئاوارە و پەنابەرەکان هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستانیان بە ڕێژەی 32% زیادکردووە، بەمەش حکومەتی هەرێم کەوتووەتە ژێر باری ئەرکێکی قورسەوە بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاشکراشیکرد، بڕی تێچووی خەملێنراو بۆ دابینکردنی پێداویستی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، ئابووری و مرۆیی ئاوارەکان و پاراستنی سەرجەم مافەکانیان لە هەرێمی کوردستان بریتیە لە ملیارێک و 988 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا. هەروەها تێچووی دابینکردنی پێداویستییە هەرە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی هەر ئاوارەیەک، وەکو شوێنی حەوانەوە، ئاسایش، ئاو و پاکوخاوێنی، کارەبا، تەندروستی، پەروەردە، بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کەمپەکان دەکاتە 5 ملیۆن و 550 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
ئەوەشیخستۆتەڕوو، لە ئێستادا ژمارەی کەمپەکان 39 کەمپە کە 9 کەمپیان تایبەتە بە پەنابەران و 30 کەمپیش بۆ ئاوارەکان و هەر لە مانگی ئایاری ساڵی 2018 دا 592 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە کە زۆرینەیان لە موسڵەوە هاتوون، هەروەها لە مانگی 1ی 2018 تا ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە گەشتووەتە 5981 کەس.
بە گوتەی دیندار زێباری حکومەتی هەرێم هۆکارێک بووە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر بەپێی ئامارەکانیش 63،5 ٪ی ئاوارەکان و 87،9 ٪ی پەنابەرانی سوریا کار دەکەن و داهاتێک بەدەستدەهێنن لە ناوەوه و دەرەوەی کەمپەکان.
وتیشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی یوئێن هاوکاربوونە بۆ باشترکردنی ڕەوشی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران بەڵام کێشەکە لەوەدایە مانەوەی ئەم ژمارە زۆرە ئاوارەیە و زیادبوونی خێرای ژمارەی دانیشتوان بەهۆی هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران حکومەتی هەرێمی خستووەتە ژێر باری ئەرکێکی قورسەوە و ناتوانێت بە تەنها ڕووبەرووی ئەم ڕەوشە ببێتەوە بۆیە داوا دەکەین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارەو پەنابەران زیاتر بکەن.[1]
#20-06-2018#