دواڕۆژ، #زریان محەمەد#
خەرجنەکردنی پارە لەلایەن حکومەت بۆ بەڵێندەران بەوتەی وتەبێژی #یەکێتی بەڵێندەران# بۆتە هۆکاری مایەپوچبوونی 75%ی کۆمپانیاکان.
میران کامل، وتەبێژی لقی #سلێمانی# یەکێتی بەڵێندەران بە دواڕۆژی وت، لەئێستادا بەشی یاسایی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر حکومەتی هەرێم، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیووە مافەکانی بەڵێندەران کە پارەی خۆیانە و لای حکومەتە وەک پێویست بیداتەوە.
وتیشی بەڵێندەران کێشەی زۆریان بۆ دروستبووە لەلایەن حکومەتەوە کە بڕە پارەی پێویستیان بۆ خەرجناکات، بەمەش کۆمپانیاکانی تایبەت بە بەڵێندەران ڕووبەڕووی زیان و ئیفلاسبوون بونەتەوە، لەئێستادا 75% کۆمپانیاکان ئیفلاسیان کردووە و زۆرێکیان توشی کێشەی کۆمەڵایەتی بوون بەهۆی بلۆککردنی پارەکانیان لە بانکی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەکۆی هەزار و 200 کۆمپانیا، 800 کۆمپانیا مایەپوچبوونی خۆیان ڕاِگەیاندووە، لەکاتێکدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چەندین نوسراومان کردووە و چەندین جار خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیمان ئەنجامداوە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێکمان دەستنەکەوتووە کە جێگەی دڵخۆشی بێت بۆ بەڵێندەران.
لەساڵی (2014)ەوە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە جگە لەوەی زۆربەی پڕۆژەکان وەستاون، حکومەت توانای دابینکردنی پارەی بۆ پڕۆژە نیمچە تەواوکراوەکانیش نیە.[1]
#20-06-2018#