لەرێکەوتی 11/6/2018 کەیسی ئافرەتێکی بەرێز بەناوی پاکیزە حەمە ئەمین حەمە موراد دانیشتووی شاری سلێمانی، گەیەنرایە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان لەهەولێر، سەرەتا لەبەر خراپی باری تەندرووستی گەیاندمانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا، دوای چارەسەری سەرەتایی، نەخۆشخانەی ناوبراو ڕاپۆرتی پزیشکی بۆ کردو پێیانباش بوو بینێرن بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوون، دوای ئەوەی نەخۆشخانەی نابراویش بە کاری خۆیان هەڵسان، پێیانباش بوو بینێرن بۆ پزیشکی دادی هەولێر، دوای تەواوکردنی هەموو چارەسەریەکان، دۆسیەیەکی تایبەتمان بۆکردەوەو هەر ئەو شەوە دۆسیەکەمان خستە بەردەمی حاکمی ئیًشکگر، دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە لەلایەن حاکمی ئێشکگرەوە بەپێی ماددەی 7ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، بڕیاردرا بە دەستگیرکردنی هاوسەری و خوشکێکی و دووبرای ناوبراو بەناوەکانی ا. ح. ح، ی.ح.ح، ل. ح.ح، أ.ع. ع.. بۆ ڕۆژی دواتر دۆسیەکە خرایەوە بەردەستی دادوەرو بریاردرا دۆسیەکە ئیحالەی سلێمانی بکرێتەوە بەو ئەمری گرتنانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان بۆکردون، هەروەها بەپێی توانا توانیمان بەهاوکاری ڕێکخراوی مەسەلە بڕە هاوکاریەکی ماددیشی بۆ دابینبکەین.
دوای ئەم هەموو ڕێکارو هەوڵە جدیانەمان، جێگەی داخە ناوبراو لەرێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە جگە لەوەی هەڕەشەی کوشتنی خۆی و دوو منداڵیشی دەکات، تەواوی ئەو هەوڵ و ڕێکارە یاسایی و مرۆڤانەی دەزگاکەمان بە کەمبایەخ لەقەڵەم دەدات! بەجۆرێک وەک ئەوەی کە هیچ کەس و لایەنێک بەهانایەوە نەهاتبێ.
لێرەوە ڕایدەگەیەنین ئەرک و بەرپرسیارێتی یاساییانەو مرۆڤانەی خۆمان بۆ هاوکاری ناوبراو بەزیادەوە جێبەجێکردووە، بەردەوامیش دەبین لەسەر کارو ئەرکی پیشەییانەی خۆمان، ئەنجامەکەشی بۆ ڕای گشتی بەجێ دەهێڵین.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان / وەزارەتی ناوخۆ
#20-06-2018#