دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
بەرپرسێکی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان توندوتیژی دژ بە ژنان زیادیانکردووە.
گوڵستان ئەحمەد، بەرپرسی نوسینگەی هەڵەبجەی مافی مرۆڤ ئەمڕۆ هەینی 22ی حوزەیرانی 2018 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ئه و ئامارانەی لە نوسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی مافی مرۆڤ بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی کۆمانکردوەتەوە دەردەکەوێت کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان توندوتیژی دژ بە ژنان زیادیانکردووە.
وتیشی، لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە ساڵی 2016، 796 حاڵەت بووە و له و ژمارەیەش کوشتن و خۆکۆشتن 26 حاڵەت بووە، بەڵام لە 2017 بۆ 2031 حاڵەت زیادیکردووە و کوشتن و خۆکوشتن-یش بەرزبووەتەوە بۆ 31 حاڵەت، هەروەها لە سنوری پارێزگای هەولێر لە ساڵی 2016 چوار هەزار و 385 حاڵەت لە دادگای لێکۆڵینەوەی خێزانی تۆمارکراوە و لە 2017 بەرزبوەتەوە بۆ پێنج هەزار و 29 حاڵەت.
هەر بە گوێرەی ئامارەکان، لە پارێزگای هەڵەبجە لە ساڵی 2016، 231 حاڵەتی توندوتیژی دژ بەژنان تۆمارکراوە و لە ساڵی 2017 بۆ 273 حاڵەت زیادیکردووە، هاوکات لە سنوری پارێزگای دهۆکیش لەساڵی 2016، سێ هەزار و 351 حاڵەت تۆمارکراوە، بەڵام لە 2017 ژمارەکە بۆ چوار هەزار و 98 حاڵەت زیادیکردووە.
راگەیاندنی ئه و ئامارە هاوکاتە لەگەڵ تێپەربوونی حەوت ساڵ بەسەر دەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان، کە به و بۆنەیەوە نوسینگەی مافی مرۆڤی هەڵەبجە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان چالاکییەکی تایبەتی بۆ خستەڕوو زانیاری و ئامارەکان ئەنجامدا.
بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی پەیوەندی بە سنوری پارێزگای هەڵەبجەوە هەیە، لە نێوان ساڵانی 2016 و 2017 توندوتیژییەکان بە ڕێژەی لە 13.5% زیادیانکردووە، بۆیە دروستکردنی دادگای تایبەتمەند و دانانی دادوەری تایبەتمەند و کردنەوەی شێڵتەر و زیادکردنی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو شار و شارۆچکەکان بە پێویست دەزانرێت.[1]
#22-06-2018#