دواڕۆژ، #هانا چۆمانی#
لەماوەی 20 ڕۆژدا لە #هەولێر# شەش کەس کوژراون، چوار کەسی تریش بەهۆکاری جیاجیا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها پێنج باندی دزیکردنیش دەستگیرکراون، پۆلیسی شارەکەش دەڵێت، سەرجەم بکوژەکان و کەسانی پەیوەندیدار بە تاوانەکەوە دەستگیرکراون تەنیا دووانیان نەبێت.
رووداوەکانی کوشتن لە هەولێر هاوڵاتیانی و دانیشتوانی ئەو شارەی دڵگران کردوە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی لە ماوەی ئەم مانگەدا چەند حاڵەتێک دووبارە بونەوە و دیاردەکە بە زەقی هەستیپێکرا.
یەکەم ڕووداوی کوشتن لە 5ی حوزەیرانی 2018 لە گەڕەکی گروپی ئەندازیاران ڕوویدا، کاتێک کەسێک بەناوی (سەمیر عەبدولڕەحمان ئیبراهیم) تەمەن (38) ساڵ دەستڕێژی گولەی لێکرا و بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، پۆلیس ڕایگەیاند هۆکارەکە دوژمندارییە.
دووەم ڕووداو شەوی 12ی حوزەیران بوو، موقەدەمێکی پێشمەرگە بەناوی (عوسمان مەلا عەبدوڵا) لەکاتی هاتنە دەرەوەی لە مزگەوتی فاروقی شارۆچکەی کەسنەزان دەستڕێژی گولەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.
سێيەم ڕووداوی کوشتن لە هەولێر کاتژمێر (10)ی شەوی چوارشەممە 20ی حوزەیران لە گەڕەکی کورانی عەنکاوە بوو کە تیایدا هاوڵاتیەک بەناوی (نەبی عەزیز ئەحمەد) لەسەر دەمەقاڵە و شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل کوژرا.
رووداوی چوارەم دوانیوەڕۆی پێنجشەممە 21ی حوزەیران لەسەر ڕێگای کەسنەزان بوو کە دەسترێژی گولە لە گەنجێکی تەمەن 15 ساڵان و خوێندکاری نۆی بنەڕەتی کرا بەناوی (راستگۆ ڕزگار) و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و دواتر پۆلیس ڕایگەیاند، بکوژەکە خۆی ڕادستی پۆلیس کردوە.
لە دواین ڕووداوی کوشتندا، دوێنێ هەینی 22ی حوزەیران لەسەر جووت سایدی گەڕەکی ڕووناکی تەقە لە باوکێک بەناوی (زیاد عوسمان حەمەڕەش) و کوڕەکەی بەناوی (ئاسۆ زیاد) کرا و لەئەنجامدا باوکەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و دواتریش بەهۆی سەختی برینەکەی کوڕەکەشی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و پۆلیسیش هێمای بۆ ئەوە کرد، کوشتنەکە بەهۆی دوژمنداریەوە بووە.
عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ شەممە 23ی حوزەیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆی بکەرانی تاوانەکانی کوشتن جگە لە دوو کەس دەستگیرکراون، ئەوانی تریش ناسراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستگیردەکرێن.
جگە لە ڕووداوەکانی کوشتن، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکی گیان لەدەستدان بە ڕووداوی جیاجیا له و شارە تۆمارکران.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی 20 ڕۆژی ڕابردوودا پێنج باندی دزی جۆراوجۆریان دەستگیرکردوە کە کاریان دزی و بڕینی دووکان و پارەی ماڵان بووە.[1]
#23-06-2018#