دواڕۆژ، #هانا چۆمانی#
وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت لەماوەی 10 ڕۆژدا لەپێش و دوای جەژن 255 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووەو زۆرینەی گەشتیارانیش چوونەتە سلێمانی و سەردانی ئەو شارەیان کردووە.
نادر ڕوستی، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند لە ڕۆژانی جەژن و لەماوەی 10 ڕۆژدا (واتە لە 12/6 تاکو 21/6/2018) زیاتر لە 255 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
وتیشی بەراورد بەساڵی ڕابردوو لەهەمانکاتدا کە 243 هەزار گەشتیار بوو بە ڕێژەی 5% زیادیکردووە، ئەمە جگە لە گەشتیاری ناوخۆ کە دەکرێت بڵێین نیوەی گەشتیاری دەرەوە بووەو هەژمارنەکراوە.
بەوتەی نادر ڕوستی، داهاتی گەشتیاریی لەو 10 ڕۆژە زیاتر لە 70 ملیار دینار بووە بۆ ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و لە 91% گەشتیارانیش لە شارەکانی خواروو ناوەڕاستی عێراقەوە هاتبوون.
هەر لەڕۆژانی جەژندا وەک وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم زۆرترین گەشتیاری بۆ چووە، بەڵام شاری هەولێر ژمارەی گەشتیارانی کەمیکردووە، ژمارەی گەشتیاری ئێرانیش 25% کەمیکردووە.
وتیشی هۆکاری کەمکردنی گەشتیار بۆ هەولێر بۆ نەکردنەوەی ڕێگای هەولێر کەرکووک لە پردێ دەگەڕێتەوە، کەمبوونی گەشتیاری ئێرانیش بۆ زیادکردنی ڕسومات لەلایەن ئێران لەسەر هاووڵاتیانی خۆی لەکاتی گەشت بۆ دەرەوەی ئێران دەگەڕێتەوە.[1]
#24-06-2018#