لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای #سلێمانی# بۆ دابینکردنی هێمنی و ئارامیی زیاتر بۆ هاوڵاتیان و ڕێگرییکردن لە پێشێلکاریی یاسایی، بەفەرمانی بەرێز عەمیدی مافپەروەر ئاسۆ تەها عەبدولکەریم، بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، پۆلیسی سلێمانی هێزێکی تایبەتی دروستکردووە کە شەوو ڕۆژ لەئامادەباشی و دەرچوندان و کاریان دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیە کە سەرکێشی و تەقە دەکەن، داوای سەرانە لەخەڵک دەکەن، هەروەها ئەوانەی لەیاسا هەڵهاتون.
ئەو هێزە تایبەتە بەڕەزامەندی جێگری سەرۆکی حکومەت دروستکراوە و شەوو ڕۆژ لەگەڕاندایە، لەو ماوە کەمەی دروستکراوە، هێزەکە چەندین داواکراویان دەستگیرکردووە، دەستیان بەسەر دەیان ئۆتۆمبێلی بێ ژمارەدا گرتوە و ڕوبەروی دادگایان کردونەتەوە.
مەفرەزەکانی ئەم هێزە تازەیەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، هەمو شەوێک لەگەڕەک و کۆڵانەکاندا بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە چەکی بێ مۆڵەتیان پێیەو یاسا پێشێل دەکەن، بەڕۆژیش مەفرەزەی نهێنیی هەیەو زانیاریی لەسەر ئەو کەسانە کۆدەکاتەوە کە لەیاسا دەرچون.
لەو ماوە کەمەی ئەم هێزە پێکهێنراوە و بەهۆی چالاکییە بەردەوامەکانیان و ئامادەبونیان لەزۆربەی شاڕێ و شوێنە گشتیی و کوچەو کۆڵانەکانی شاری سلێمانی، دیاردەی تەقەکردن زۆر کەمیکردووە، بەبەراورد بەمانگەکانی پێشتر.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەبەردەوامیی لەخزمەتی هاوڵاتیاندایە و هەموو ڕێکار و ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ دابینکردنی هێمنی و ئارامی زیاتر بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی.
#24-06-2018#