بەهۆی قەدەغەنەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی ئیرانیی، جوتیارانی شارەزوور بەرهەمەکانیان هەرزان فرۆش دەکەن، بەجۆرێک، کە تێچووی بەرهەمەکە لە بەهاکەی زیاترە.
لەئێستادا بەرهەمی شوتی جوتیارانی دەشتی شارەزوور پێگەیشتووە و بازاڕ جمەی دێت لە شوتی و فرۆشیاران هاوار دەکات کیلۆی شوتی بە 250 دینار، هەندێک جاریش لە ترسی زیاتر مانەوە و خراپبوونی شوتییەکانیان بەبێ ڕەچاوکردنی کیلۆ سێ شوتی بە هەزار دینار دەفرۆشن.
هەرزانیی نرخی شوتی لەلایەک دەگەڕێتەوە بۆ زۆری بەرهەمی شوتی، کە ئەمساڵ جوتیران زۆرێک لە زەوییەکانیان کردووە بە بێستان و لەلایەکی دیکەوە هاوردەکردنی بڕیکی زۆر شوتی ئێرانیی بەڕێگای یاسایی و قاچاغ.
بەرهەمی شوتی، ئەگەر لە بازاڕ کیلۆی بە 250 دینار بفرۆشرێت، ئەوا جوتیاران ناچار دەبن کیلۆی بە 100 دینار بە عەلوەکانی بفرۆشن، هەندێک جاریش کیلۆی تەنیا بە 60 دینار دەیفرۆشن، کە وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن بەهای شوتییەکانیان ناکاتە نیوەی ئەو پارەیەی، کە لە بەرهەمهێنانیدا خەرجیان کردووە.
عەتا مەحمود، یەکێک لە جوتیارانی گوندی ناوگردان بە ڕۆژنیوزی وت: ساڵانی ڕابردوو کە زەوییەکانمان دەکرد بە گەنم حکومەت بەجۆرێک گەنمەکانی لێوەردەگرتین، کە زۆر پەشیمان بووین لەو کارەی کردوومانە، بۆیە ئەمساڵ بڕیامدا کە لەزەویەکی پێنج دۆنمیدا بەرهەمی شوتی بچێنم، بەڵام دیسان لەم کارەشم پەشیمانم، چونکە ئەوەتا بەرهەمەکانمان پێگەیشتووە بەڵام ساغ نابێتەوە و هەمووی بووەتە زەرەر.
ئازاد مەحمود، یەکێکی تر لە جوتیارانی گوند ناوگردان، بە ڕۆژنیوزی وت: لە دەشی شارەزوور باشترین جۆری بەرهەمی خۆماڵی بەرهەم دەهێنرێت بە بێ بەکارهێنانی مادەی کیمیایی، بەڵام لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانمان ناچارین هەزران فرۆشی بکەین یاخود هەر جێی بهێڵین، بەهۆی هێنانی بەرهەم لە ئێرانەوە.
ئەو جوتیارە داواکاربوو لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپەلە ئاوڕێکی جدیی لە جوتیاران بدەنەوە و سنوورێک بۆ هاوردەکردنی شوتی دابنێن.
لای خۆیەوە، خەلەف ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ئەو بڕیارانەی ساڵانە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەردەچن بۆ باج خستنە سەر بەرهەمی دەرەکیی هیچ لە بابەتە ناگۆڕێت، سەرەڕای ئەوەی کە بڕێکی زۆر شوتی بە شێوەی نایاسایی و بەدەر لە باج خستنەسەری دێنە ناوبازاڕەکانی هەرێم، ئاسانکارییش بۆ بازرگانەکان دەکرێت.
خەلەف ئەحمەد، پێیوایە، بەرپرسیاریەتی سەرەکیی کەوتووەتە سەر (ڕێباز حەملان) وەزیری دارایی و ئابووریی، کە لە هەمان کاتیشدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە بە وەکالەت و وتی:دەرکردنی بڕیارێکی بەپەلە بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی شوتی تا مانگی تشرینی یەکەم کاری وەزیری کشتوکاڵە، هاوکات دەرکردنی ڕێنمایی دارایی و باجی زیاتر خستنە سەر بەرهەمی شوتی کاری وەزیری داراییە، چونکە بەرهەمی دەشتی شارەزوور و گەرمیان و هەولێر بە تەواوەتی بازاڕەکانی هەرێم لەبەرهەمی شوتی دابین دەکەن تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم.
ئەو پەرلەمانتارە، وتیشی: ئێمە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە هەر داواکارییەکی جوتیاران دەکەین بۆ ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی بەتایبەت بەرهەمی شوتی.[1]
#25-06-2018#